سەرۆکی پارتی بەرەی نیشتمانیی فەرەنسا: جووڵەیەکی سیاسی دژمان رێکخرا

07-07-2024
عەلی زەڵمی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پارتی (بەرەی نیشتمانی)ی راستڕۆی تووندڕۆی فەرەنسا دەڵێت، پارتەکەی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی وڵاتەکەیدا "دەستکەوتی مێژوویی" بەدەستهێناوە. رەخنەی تووندیشی لە ئیمانوێل ماکرۆن گرت و بەوە تۆمەتباری کرد کە گوایە "فەرەنسای بەرەو ناسەقامگیری و نەبوونی دڵنیایی بردووە". 

ئەمشەو دوای دەرکەوتنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا، جۆردن باردێلا، سەرۆکی پارتی (بەرەی نیشتمانی)ی فەرەنسا گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی، لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا، بەڵام دواتر جووڵەیەکی سیاسی بەرفراوان دژیان دەستی پێکرد کە وایکرد، پارتەکەی لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکەدا نەتوانێت هاوشێوەی خولی یەکەم سەرکەوتن بەدەستبێنێت. 
 
سەرەڕای ئەوەش، جۆردن باردێلا ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی بۆ پارتەکەی بە "دەستکەوتی مێژوویی" ناوبرد و ئاماژەی بەوەشکرد، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بەو سیاسەتانەی پەیڕەوی دەکات و ئەو مامەڵەیەی دەیکات وڵاتی بەرەو "ناسەقامگیری و نەبوونی دڵنیایی بردووە". 
 
لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا پارتی بەرەی نیشتمانی نزیکەی 33٪ی دەنگەکانی بردەوە و دوای ئەویش هاوپەیمانیی (بەرەی نیشتمانیی گەل)ی چەپەکان هات کە 28٪ی دەنگەکانیان برد و هاوپەیمانیی (پێکەوە)ی ئیمانوێل ماکرۆنیش 20٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا. 
 
ئەنجامەکە شۆکێکی گەورەی لای بەشێک لە سەرکردەی پارتە سیاسییەکانی فەرەنسا دروستکرد. هاوپەیمانیی چەپەکان و هاوپەیمانییەکەی ئیمانوێل ماکرۆن گەیشتنە تێگەیشتنێک بۆ ئەوەی رێگە لە زۆرینەبوونی پارتی نیشتمانی لە پەرلەمان بگرن.
 
تێگەیشتنەکە بەو جۆرە بوو لە هەر بازنەیەکدا بەربژێری کامیان بەهێزتر بێت، بەربژێری ئەوی دیکە بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنەکە بکشێتەوە. ئەمە ئەو خاڵەیە کە باردێلا بە جووڵەی سیاسی ناوی برد. 
 
ستراتیژییەکە تا رادەیەکی زۆر سەرکەوتنی بەدەستهێنا و براوەی یەکەمی خولی دووەمی هەڵبژاردنەکە هاوپەیمانیی چەپەکان و براوەی دووەمیش هاوپەیمانییەکەی ماکرۆنە. پارتی بەرەی نیشتمانی لە پلەی سێیەم دێت. 
 
پەرلەمانی فەرەنسا لە 577 کورسی پێکدێت و پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە 289 کورسی هەیە.  ئەنجامی بەراییەکان دەریدەخەن، هاوپەیمانیی چەپەکان نزیکەی 170 تاوەکو 190 کورسی دەباتەوە، هاوپەیمانیی (پێکەوە)ی ئیمانوێل ماکرۆن نزیکەی 150 تاوەکو 170 کورسی پەرلەمان بەدەستدێنێت، پارتی (بەرەی نیشتمانیی) راستڕۆی تووندڕۆ نزیکەی 130 تاوەکو 150 کورسی پەرلەمانی دەبێت و پارتی کۆماری نزیکەی 60 کورسی دەباتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پیاوێک بە بەردەم بۆرسەی نیویۆرک دا تێدەپەڕێت. وێنە: Reuters

پیاوێکی ئەمریکی بە گومانی پلاندانان بۆ تەقاندنەوەی بۆرسەی نیویۆرک دەستگیرکرا

پیاوێکی ئەمریکی تەمەن 30 ساڵ بە گومانی پلاندانان بۆ تەقاندنەوەی بۆرسەی نیویۆرک دەستگیرکرا. پلانەکەی دوای ئەوە ئاشکرابووە کە لەو بارەیەوە گفتوگۆی لەگەڵ چەند کەسێک کردووە بۆ ئەوەی هاوکاری بکەن، بەڵام نەیزانیوە کارمەندی پۆلیسن.