گرژی لەنێوان هاندەرانی هەردوو هەڵبژاردەی تورکیا و هۆڵەندا دروستبوو

07-07-2024
تەنیا ئەحمەد
هاندەرانی تورکیا و هۆڵەندا لە دەرەوەی یاریگە لە بەرلینی ئەڵمانیا بووە شەڕیان
هاندەرانی تورکیا و هۆڵەندا لە دەرەوەی یاریگە لە بەرلینی ئەڵمانیا بووە شەڕیان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی تورکیا لە قۆناخی چارەگی کۆتایی بە هۆڵەندا دۆڕا، گرژی لەنێوان هاندەرانی هەردوو هەڵبژاردە دروستبوو و پۆلیس چەند کەسێکی دەستگیرکرد.
 
شەوی رابردوو یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی تورکیا و هۆڵەندا لە چارەگی کۆتایی جامی یۆرۆی 2024 کرا. هۆڵەندا بە ئەنجامی 2-1 لە تورکیای بردەوە و خۆی گەیاندە قۆناخی پێش کۆتایی.
 
دوای یاریەکە، هاندەرانی تورکیا و هۆڵەندا لە دەرەوەی یاریگە لە بەرلینی ئەڵمانیا بووە شەڕیان. بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک، هاندەرانی هەڵبژاردەی تورکیا شەڕەکەیان دەستپێکردووە و هێرشیان کردووەتە سەر هاندەرانی هەڵبژاردەی هۆڵەندا. 
 
یارییەکانی یۆرۆی 2024 لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچن. پۆلیسی ئەڵمانیا رایگەیاند، چەند کەسێکیان دەستگیرکردووە کە هۆکاری دروستبوونی گرژییەکە بوون.
 
نزیکەی 2.8 ملیۆن پەنابەری خەڵکی باکووری کوردستان و تورکیا لە ئەڵمانیا دەژین.  
 
گرژی لە چەند شارێکی هۆڵەنداش دروستبوو. 
 
لە ڤیدیۆیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەند پەنابەرێکی خەڵکی تورکیا دەردەکەون، کە چوونەتە سەر شەقامەکانی ئەمستەردام و بە ئاماژە و جوێن، بێڕێزیی بە هەڵبژاردەی هۆڵەندا دەکەن. 
 
لە یارییەکەی نێوان تورکیا و هۆڵەندا، سەمەد ئەکایدن لە خولەکی 35 گۆڵی یەکەمی هەڵبژاردەی تورکیای تۆمارکرد و گێمی یەکەم بەو ئەنجامە کۆتایی هات. لە خولەکی 70ـدا ستێفان دی فریخ توانی گۆڵی یەکەمی هەڵبژاردەی هۆڵەندا تۆمار بکات. 
 
لە خولەکی 76ـیشدا مەرت موڵدور، بەرگریکاری هەڵبژاردەی تورکیا و یانەی فەنارباخچێ بە هەڵە گۆڵی لەخۆیان تۆمارکرد و بەو شێوەیە هۆڵەندا پێشکەوت. 
 
هۆڵەندا توانی بەو ئەنجامە بیباتەوە و لەگەڵ هەریەک لە هەڵبژاردەکانی ئینگلتەرا، ئیسپانیا و فەرەنسا خۆی گەیاندە قۆناخی پێش کۆتایی پاڵەوانێتییەکە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە