هاوپەیمانیی چەپەکانی فەرەنسا: دەبێت پێکهێنانی حکومەت بە ئێمە بسپێردرێت
رووداو دیجیتاڵ
دووان لە بەرپرسانی هاوپەیمانیی چەپەکان دەڵێن، فەرەنسییەکان متمانەیان بە هاوپەیمانییەکەیان بەخشیوە، بۆیە دەبێت حکومەتی نوێی فەرەنسا پێکبهێنن.
هاوپەیمانیی چەپەکان لە 6 پارتی سەرەکی پێکدێت کە یەکێکیان پارتی سۆسیالیستە بە سەرۆکایەتیی ئۆلیڤەر فۆرێ. دوای راگەیاندنی خولی دووەمی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا، ئۆلیڤەر فۆرێ رایگەیاند، هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی فەرەنسا سەرکەوتن بوو بۆ هاوپەیمانییەکەی و هەربۆیە دەبێت ئەوان پێکهێنەری حکومەتی نوێی فەرەنسا بن.
ئۆلیڤەر فۆرێ رەخنەی لە بەشێک لە سیاسەتەکانی حکومەتی ئێستای فەرەنسا گرت و گوتی، نابێت سیاسەتەکانی ئەو حکومەتە بەردەوام بن و دەبێت ئەو یاسایەی تایبەت بە خانەنشینانیش ئامادەکرا بە تەواوی هەڵبوەشێتەوە.
یەکێکی دیکە لە پێکهێنەرەکانی هاوپەیمانیی چەپەکان بریتییە لە (فەرەنسای نەچەماوە) کە ژان میلانشۆ لە ساڵی 2016دا دایمەزراند.
ئەمشەو میلانشۆ لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە قسەی کرد و گوتی، هاوپەیمانییەکەیان ئامادەیە حکومەتی نوێ پێکبێنێت و دەبێت گابریێل ئاتالی، سەرۆکوەزیرانی ئێستا دەستلەکاربکێشێتەوە.
میلانشۆ گوتی: "گەلەکەمان زۆر بە روونی خراپترین سیناریۆی رەتکردەوە. پێویستە سەرۆکوەزیران بڕوات. بەرەی نوێی گەل ئامادەیە حکومەت پێکبێنێت".
گوتەی ئەم بەرپرسانەی هاوپەیمانیی چەپەکان لە کاتێکدایە، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا دەریدەخات کە لە هەموو هاوپەیمانی و پارتێکی دیکە کورسی زیاتریان لە پەرلەمان دەبێت.
پەرلەمانی فەرەنسا لە 577 کورسی پێکدێت و پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە 289 کورسی هەیە. ئەنجامی بەراییەکان دەریدەخەن، هاوپەیمانیی چەپەکان نزیکەی 170 تاوەکو 190 کورسی دەباتەوە، هاوپەیمانیی (پێکەوە)ی ئیمانوێل ماکرۆن نزیکەی 150 تاوەکو 170 کورسی پەرلەمان بەدەستدێنێت، پارتی (بەرەی نیشتمانیی) راستڕۆی تووندڕۆ نزیکەی 130 تاوەکو 150 کورسی پەرلەمانی دەبێت و پارتی کۆماری نزیکەی 60 کورسی دەباتەوە.