فەرەنسا: رێژەی بەشداریی هاووڵاتییان لە خولی دووەمی هەڵبژاردندا زیادیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا بڵاویکردەوە، 61.4٪ی هاووڵاتییان بەشدارییان لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەماندا کردووە.
رۆژی یەکشەممە، 7ـی تەممووزی 2024، کاژێر 08:00ـی بەیانی بە کاتی فەرەنسا (9 بەکاتی هەولێر) هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی فەرەنسا دەستیپێکرد.
وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا لەبارەی بەشداریی هاووڵاتییان رایگەیاند، تاوەکو کاژێر 05:00ـی ئێوارە بە کاتی فەرەنسا، 61.4٪ـی هاووڵاتییان بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەد کرد؛ لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی ساڵی 2022 و تاوەکو هەمان کات تەنیا 50٪ـی هاووڵاتییان بەشدارییان کردبوو.
وەزارەتەکە دەشڵێت، بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکە 30 هەزار پۆلیسیان بە وڵاتدا بڵاوکردووەتەوە؛ پێنج هەزاریان لە پاریس بڵاوەیان پێکراوە.
بۆ هاندانی هاووڵاتییان و بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکەدا، تاوەکو نیوەڕۆ هەریەک لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، گابرێل ئەتال، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا و ژمارەیەک بەرپرسی پێشووی باڵای وڵاتەکە دەنگیاندا.
سندووقەکانی دەنگدان لە شارە بچووکەکان کاژێر 07:00ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر دادەخرێن و لە شارە گەورەکانیش دەنگدان تاوەکو کاژێر 09:00 بەردەوام دەبێت.
لە خولی دووەمدا فەرەنسییەکان دەنگ بۆ هەڵبژاردنی 501 نوێنەر لە 501 بازنە دەدەن و سێ هەزار و 700 بەربژێر هەن. 76 کورسی لە خولی یەکەمدا یەکلاکرانەوە کە پارتی بەرەی نیشتمانی بە بردنەوەی 26 کورسی زۆرینەی کورسییەکانی بردەوە.
پێش دەستپێکی خولی دووەم، هاوپەیمانیی بەیەکەوە و هاوپەیمانیی چەپەکان رێککەوتن بۆئەوەی بەربژێری خۆیان لەپێناو بەربژێری بەهێزتری ئەوەی دیکە بکشێننەوە؛ ئەمە بۆ رێگریکردن لە سەرکەوتنی رێژەیەکی بەرزی بەربژێرانی پارتی بەرەی نیشتمانی بوو.
بە گوێرەی میدیای ئەو وڵاتە، هەردوو هاوپەیمانییەکە نزیکەی 200 بەربژێریان لەو پێناوەدا کشاندووەتەوە.
پێکهێنانی حکومەتی فەرەنسا لە 577 کورسی، پێویستی بە بردنەوەی 289 کورسییە. دوایین راپرسی ئەوە پیشان دەدات کە بەرەی نیشتمانی 170 بۆ 210 کورسی بەدەستدەهێنێت؛ بەرەی نوێی گەل 165 بۆ 195 کورسی و هاوپەیمانیی (بەیەکەوە)ـی ماکرۆنیش پێشبینیی 130 بۆ 160 کورسییان لێدەکرێت.