رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی رووداوە لەناکاوەکانی رووسیا بڵاویکردەوە، لە 24 کاژێری رابردوودا 49 کەس لەکاتی مەلەکردندا خنکاون.
رۆژی یەکشەممە، 7ـی تەممووزی 2024، رووسیا لە تێلگرام بڵاویکردەوە، "لە 24 کاژێری رابردوودا 65 رووداوی کەوتنە نێوئاو یان ژێرئاوکەوتن لە تەواوی وڵاتدا تۆمارکراون و بەو هۆیەوە 49 کەس گیانیان لەدەستداوە کە حەوتیان منداڵ بوون."
میدیای فەرمیی رووسیا لەبارەی رووداوەکانی خنکانەوە دەڵێت، پار تاوەکو ئەم کاتانە تەنیا 39 کەس خنکابوون.
کەشناسیی رووسیا دەڵێت، تەواوی وڵاتەکە رووبەڕووی یەکێک لە گەرمترین هاوینەکان لە 100 ساڵی رابردوودا بووەتەوە و پلەی گەرما گەیشتووەتە سەروو 35 پلەی سیلیزی. پێشبینیش دەکەن لە هەندێک ناوچە پلەی گەرما بگاتە 40 پلەی سیلیزی. ئەمە وای لە هاووڵاتییان کردووە بۆ خۆ فێنککردنەوە پەنا ببەنە بەر مەلەکردن.
کەشناسیی رووسیا ئاماژە بەوەش دەکات، پلەی گەرما لە مۆسکۆ گەیشتووەتە 32.7 پلەی سیلیزی و ئەمەش بەرزترین پلەیە کە لە ساڵی 1917ـەوە تۆمارکرابێت.
سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ هۆشداری بە دانیشتووانی شارەکەی دا و داوای لێکردن رێکاری خۆپارێزی بگرنەبەر و خۆیان لە چوونە بەر تیشکی خۆر بپارێزن.
گۆڕانی کەشوهەوا و چالاکییەکانی مرۆڤ بە هۆکاری سەرەکیی گەرمبوونی زەوی دادەندرێن. بە گوێرەی ماڵپەڕی ئایەر کلیمی سوێدی، ساڵانە گۆڕانی کەشوهەوا دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی 315 هەزار کەس و پێشبینیش دەکەن تاوەکو ساڵی 2050، ساڵانە نیو ملیۆن کەس بەو هۆکارە گیان لەدەست بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ