فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە فەرەنسا: کورد دەنگ بە چەپەکان دەدات


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە فەرەنسا دەڵێت، هاووڵاتییانی فەرەنسا خۆیان رێگە بە هاتنەسەرکاری راستڕۆ تووندڕۆکان نادەن، گوتیشی، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەدا، کورد دەنگ بە چەپەکان دەدات.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 07-07-2024، شوکری بەرواری، سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵەی کوردییەکان لە فەرەنسا لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، لەبارەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی فەرەنسا رایگەیاند، ''نەک تەنیا بۆ کورد، بەڵکو بۆ جیهان گرنگی هەیە، چونکە وڵاتێکی زلهێزە و ئەندامێکی سەرەکیی ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپایە.''
 
ئەمڕۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسایە، کە چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکاریی گەورە لە نەخشەی سیاسیی ئەو وڵاتە بێنێتەدی. شوکری بەرواری گوتی، کورد لە فەرەنسا زیاتر دەنگ بە لایەنە چەپەکان دەدات.
 
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا راستڕۆ تووندڕۆکان دەنگی زیاتریان بەدەستهێنابوو، بۆ ئەوەی نەهێڵن لە گەڕی دووەمدا بیبەنەوە، میانڕۆ و چەپەکان لە چەندین بازنەدا هاوپەیمانییان پێکهێناوە.
 
میانڕۆکان بە سەرکردایەتیی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لەگەڵ چەپەکان، رێککەوتوون کە هەر یەکەیان لە هەندێ بازنەی دیاریکراو بەربژێرەکانی خۆیان لە بەرژەوەندیی ئەوەی دیکەیان کشاندووەتەوە بۆ ئەوەی دەنگی دژە راستڕۆ تووندڕۆکان پەرت نەبێت. سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵەی کوردییەکان لە فەرەنسا گوتی: "هەژەندی هەڵبژاردن یەکگرتنی چەپەکان و ماکرۆنە."
 
بەگوێرەی دوایین راپرسی، پارتی راستڕۆی تووندڕۆی بەرەی نیشتمانی بە سەرکردایەتیی مارین لوپێن، زۆرترین دەنگ مسۆگەر دەکات، بەڵام ناتوانێت زۆرینەی پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەت بەدەستبهێنێت. بەگوتەی شوکری بەرواری: "فەرەنسییەکان خۆیان قبووڵ ناکەن راستڕۆکان دەسەڵاتی فەرەنسا بگرنەدەست و هەڵبژاردنەکە ببەنەوە."
 
ئەنجوومەنی نوێنەرانی فەرەنسا لە 577 کورسی پێکدێت. پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە 289 کورسی هەیە. سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵەی کوردییەکان لە فەرەنسا دەڵێت: "بەهۆی هاوپەیمانێتیی ماکرۆنی میانڕۆ و چەپەکان، ئەستەمە راستڕۆکان بتوانن زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان بەدەستبێنن."
 
"کورد لایەنگری چەپەکانە"
 
بەشێک لە رەوەندی کوردی لە فەرەنسا نیگەرانن لە سەرکەوتنی راستڕۆکان. شوکری بەرواری دەڵێت: "بێگومان کورد لە فەرەنسا زیاتر بۆ لای چەپ شکاونەتەوە، لەبەر ئەوەی چەپی فەرەنسا هەموو کات پشتیوانی لە دۆزی کورد کردووە."
 
فەرەنسا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە. سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵەی کوردییەکان لە فەرنسا گوتی: "جیاواز لە نێوخۆی وڵات، هاتنەسەرکاری راستڕۆکان، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لەسەر پەیوەندییەکانی دەرەوە دروست ناکات، بۆیە پەیوەندیی فەرەنسا لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەر بە گەرمی دەمێنێتەوە."
 
سەبارەت بە کاریگەریی هاتنەسەرکاری راستڕۆ تووندڕۆکان لەسەر دۆخی رەوەندی کوردی لە وڵاتەکەش بەرواری دەڵێت: "بێگومان چەپەکان باشترن و ئاسانتر لەگەڵ هەموو بیانییەکان مامەڵە دەکەن."
 
لە کاتێکدا روون نییە ئەنجامەکە چۆن دەبێت، گرژییەکان لە زیادبووندان، زیاتر لە 50 بەربژێر و چالاکڤانی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە ماوەی چوار هەفتەی هەڵمەتی هەڵبژاردندا هێرشیان کراوەتە سەر و لێیاندراوە. 
 
کاژێر 08:00ـی ئێوارە بە کاتی پاریس (09:00ـی شەو بەکاتی هەولێر) بنکەکانی دەنگدان دادەخرێن و ئەنجامی بەرایی رادەگەیێندرێت. نزیکەی 30 هەزار پۆلیس، لەوانە پێنج هەزار لە پاریس، جێگیردەکرێن بۆ ئەوەی رێگری لە دروستبوونی پشێوی بکەن.