جیهان
ژمارەیەک کۆچبەر بە بەلەمێکی چووپ بەنێو کەناڵی ئینگلیزدا دەیانەوێت خۆیان بگەیەننە بەریتانیا، وێنە: EPA
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا دوایین دوو کۆچبەر ئازاد دەکات کە بە مەبەستی ناردنیان بۆ رواندا دەستبەسەرکراون.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، حکومەتەکەی ریشی سووناک لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا 218 کۆچبەری نایاسایی ئازادکردووە کە بە مەبەستی ناردنیان بۆ رواندا دەستبەسەرکرابوون. بڕیارە ئەو دوو کۆچبەرەش لە رۆژانی داهاتوودا ئازاد بکرێن، کە لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا هێڵدراونەتەوە.
سیاسەتی کابینەکەی سووناک بەو جۆرە بوو؛ ئەو کۆچبەرانە لە نێوەڕاستی ئەم مانگەدا بنێردرێنە رواندا، بەڵام کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیدا رایگەیاند، بەرنامەی رواندا کۆتاییهاتووە.
ستامەر لە یەکەم کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیدا وەک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، پلانی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا هەرگیز سەرکەوتوو نەدەبوو و تەنیا 1٪ـی کۆچبەرەکانی لە خاکی بەریتانیا دووردەخستەوە.
لە نیسانی ئەم ساڵەوە، نزیکەی 220 کۆچبەری نایاسایی کە بە بەلەم چووبوونە بەریتانیا، لەلایەن پۆلیسی بەریتانییەوە دەستبەسەرکرابوون و لە ناوەندی دەستبەسەرکردن هێڵدرابوونەوە، ئەوەش بەمەبەستی ناردنیان بۆ رواندا.
پلانی حکومەتی سووناک بەو جۆرە بوو؛ لەم مانگەدا یەکەم کاروانی ئەو کۆچبەرانە بنێردرێنە رواندا؛ هەروەها بڕیار بوو لە یەکەم قۆناخی جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیەدا نزیکەی 52 هەزار کۆچبەر رەوانەی رواندا بکرێن.
کابینەکەی ستامەر لەگەڵ گرتنەبەری رێکاری دیکەیە، وەک زیادکردنی ئەندامانی پاسەوانی سنوور و زیادکردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی فەرەنسا.
یۆڤێتی کوپەر، وەزیری ناوخۆی نوێی بەریتانیا دەڵێت، دەست بە وەرگرتنی کەسانی گونجاو بۆ پێکهێنانی یەکەیەکی نوێی تایبەت بە پاسەوانی سنوور دەکەن و ئەو پرۆسەیەش ئەم هاوینە دەستپێدەکات.
هەروەها پلانی حکومەتی نوێی بەریتانیا ئەوەیە ئاژانسی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوان بەهێزتر بکرێت، ئەوەش بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچیێتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ