ئوردن چیدیکە نایەوێت کارەبا لە وێستگە چینییەکان بکڕێت و ئەمریکاش پێشوازی لێدەکات

 
رووداو- هەولێر 

وێستگەی عەتارات لە ناوچەی عەتاراتی نێوەڕاستی ئوردن؛ گەورەترین وێستگەی بەرهەمێنانی کارەبایە لە نەوتی بەردین؛ بە قەرز و ئەزموون و دەستی چینییەکان دروستکراوە؛ بەڵام ئێستا ئوردن دەڵێت، کارەباکەی گرانە و چیدیکە نایەوێت بیکڕێت، ئەمریکاش دۆخەکەی بەدڵە.
 
دەیڤید شینکەر، جێگری یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "ئوردن چیدیکە پێویستی بەو وزەی کارەبایە نییە کە پرۆژەی عەتاراتی چینی بەرهەمی دەهێنێت، هۆکارەکەی گرانیی نرخی کارەبای وێستگەکەیە کە چینییەکان بەرپرسن لێی؛ بۆیە ئوردن کێشەکەی بردووەتە ژووری دادوەری نێودەوڵەتیی پاریس؛ بەڵام ئوردن ترسی هەیە تەنانەت ئەگەر سکاڵاکەش بباتەوە، چین لەمەولا لەسەر ئەو کێشەیە تۆڵەی لێ بکاتەوە و وای دابنێت کە ئەمە بە کاریگەریی ئەمریکا کراوە".
 
کاتێك چین لە 2017دا وێستگەکەی دروستکرد زیاتر لە 8 ملیار دۆلار قەرز کەوتە سەر ئوردن؛ لەگەڵ هەژمارکردنی پارەی سوود و قازانجی چینییەکان، دەبێت ئوردن تاوەکو 30 ساڵی دیکە هەر پارە بە چین بداتەوە.
 
ئەمریکای هاوپەیمانی سەرووی 70 ساڵەی ئوردن کە لە هەژموونی چینییەکان لەو وڵاتە و ناوچەکە نیگەرانە، هۆشداری دەدات و دەڵێت، مامەڵەکردن لەگەڵ چین هەمیشە بە زیانی وڵاتی پێشوازیکەر دەشکێتەوە.
 
موسا حەنتەش، پەرلەمانتاری ئوردن گوتی، "ئوردن تایبەتمەندی دایە چین بۆ وەبەرهێنان، بەڵام بەربەستەکە ئەمریکایە کە رێگە نادات چین دەست بەسەر بازاڕی ئوردندا بگرێت و رکابەری بەهێز لە نێوانیاندا هەیە، پرسی وێستگەی عەتارات، یەکێکە لەو رکابەرییانە".
 
ژووری بازرگانیی عەممان دەڵێت، قەبارەی وەبەرهێنانی چین لە ئوردن کەمتر لە 21 ملیۆن دۆلارە گەرچی ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لە 4 ملیار دۆلار تێپەڕیوە؛ لە کاتێکدا ئەمریکییەکان بە سەرووی 2.2 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی راستەوخۆیان لە ئوردن کردووە.
 
سامیر خەییەر، شرۆڤەکار باس لەوە دەکات، "قەبارەی وەبەر‌هێنانی چین لە ئوردن هێشتا کەمە، ئەگەرچی چین نیازی هەیە قەبارەکە زیاتر بکات، بەڵام ئەو بابەتە بە ئەمریکا و پەیوەندیی واشنتن و عەمان و چەند ئاڵۆزییەکی دیکە بەستراوەتەوە و چین ناتوانێت بەو ئاسانییە جێ پێی خۆی لە ئوردن بکاتەوە".
 
پێشتر بەهۆی هەژموونی ئەمریکاوە، ئوردن لە ساڵی 2014 رێککەوتنێکی 15 ساڵەی بە بەهای 15 ملیار دۆلار بۆ کڕینی 45 ملیار مەترسێجا غاز لە ئیسرائیل واژۆکرد، بەڵام لەگەڵ تاڕادەیەک پاشەکشەکردنی ئەمریکا و دەرکەوتنی چین، لەوانەیە وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەتی کەم داهاتاکانی وەک ئوردن، ناچار بن کەم کەم لە واشنتن دوور و لە پەکین نزیک ببنەوە.