تونس رێکارەکان دژی کۆچبەران تووندتر دەکات


رووداو - هەولێر

ژمارەیەک پەناخوازی باشووری ئەفریقا لەبەردەم وێستگەیەکی پاس لە شاری سفاکس لە رۆژهەڵاتی تونس دەیانەوێت وڵاتەکە جێبهێڵن و دەڵێن، لەبەر ئەو تووندوتیژییە دەڕۆن کە هاووڵاتییانی تونس و پۆلیسی ئەو وڵاتە لەگەڵیان دەکەن. دنەدەری توندوتیژییەکانیش قەیس سەعید، سەرۆکی تونسە کە لە گوتارێکیدا پەناخوازانی بە هۆکاری نانەوەی پشێوی و تاوان لە وڵاتەکەدا تۆمەتبارکرد.
 
جۆناسان چامو، خوێندکارێکی کۆنگۆییە و دەڵێت، "کێشەیەکی زۆر جیدی لە سفاکس هەیە. هاووڵاتییەکی ئەفریقی باشووری بیابان تونسییەکی کوشتووە و بەهۆی ئەوەوە تەواوی تونسییەکان رقیان لە ئەفریقییەکانی باشووری بیابانە. دانیشتووانی تونس هێرش دەکەنە سەر هاووڵاتییانی باشووری ئەفریقا و تەنانەت پۆلیسی تونسیش هەوڵدەدەن بە نایاسایی هاووڵاتییانی باشووری ئەفریقا دەستگیربکەن کە لە بیابانی لیبیاوە هاتوون."
 
دووەم زۆرترین ژمارەی کۆچبەر لە ئەفریقای باشوور و نێوەڕاستەوە روو لە تونس دەکەن؛ هەندێکیان لەوێ دەمێننەوە و زۆرینەشیان بە رێگەی ئاویدا هەوڵی گەیشتن بە ئیتاڵیا دەدەن. هەربۆیە یەکێتیی ئەوروپا بڕی 967 ملیۆن دۆلاری داوەتە ئەو وڵاتە، تاوەکو ئابوورییەکەی ببوژێنێتەوە و رێگە لە چوونی کۆچبەر بۆ ئەوروپا بگرێت. وادیارە رێکەوتنەکە سیاسەتی تونسی لە بەرامبەر کۆچبەران گۆڕیوە.
 
جۆناسان چامو، خوێندکارێکی دیکەی کۆنگۆییە و باس لەوە دەکات، "تونس پێشتر وڵاتێکی میهرەبان بوو بۆ ئێمە. زۆر ئاسوودەبووین لێرە، بەڵام چونکە ئێستا لە تونس ئێمەیان ناوێ، چارەسەر ئەوەیە بە دەریای نێوەڕاستدا بچینە ئەوروپا، چونکە گەڕانەوە بۆ وڵاتەکانی خۆمان ئاسان نییە."
 
بەگوێرەی پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی ئەفریقا، 12 ملیۆن و 300 هەزار کۆچبەری ئەفریقی لە جیهان هەن، کە 48٪یان لە ئەوروپان. جەزائیر، میسر، لیبیا، مەغریب، سوودان و تونس لەو وڵاتانەن کە زۆرترین ژمارەی کۆچبەریان لێوەدەچێتە ئەوروپا.