فەلەستینییەکان داوای تۆڵەی ئۆپەراسیۆنی جنین دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی یەکێک لەو فەلەستینییانەی کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە دوو رۆژییەکەی ئیسرائیل بۆسەر کەمپی جنین لە باکووری کەرتی رۆژئاوا کوژرا، فەلەستینییەکان داوای تۆڵەکردنەوەیان کرد، دوای ئەوەی ئیسرائیل 12 فەلەستینی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کوشت و نزیکەی 100 کەسیشی بریندار کرد.
 
چەکدارێکی فەلەستینی لە رێوڕەسمێکەدا گوتی، "ئێمە بەردەوام دەبین لەوەی بەرەنگاریان ببینەوە و پەنا بە خودا هەرگیز جنین بەجێناهێڵین، هەتا شەهید دەبین یان سەرکەوتن بەدەستدێنین، پشت بە خودا".
 
عەتا ئەبو رومەیلا، سکرتێری بزووتنەوەی فەتح لە جنین دەڵێت، "نەتەنیاهوو تەنیا بەسەر مرۆڤایەتی و ژێرخانی جنیندا سەرکەوت، ئەو نەیتوانی بەسەر خۆڕاگریدا سەربکەوێت. بەرەنگاربوونەوە سەرکەوت".
 
ئیسرائیل کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکەی بۆسەر کەمپی جنین هێنا و لە دوای خۆی  وێرانکارییەکی زۆری لەنێو کەمپەکە و ناوچەکانی دەورووبەری بەجێهێشت.
 
ئیسرائیلییەکان هۆکاری ئۆپەراسیۆنەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە لەو کەمپەوە هێرشکراوەتە سەر ئیسرائیل و ئێستاش بەڵێن دەدەن چەکەکانیان بێدەنگ نابن.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "ئەمە ئاماژەیە بۆ هەنگاوەکانی داهاتوومان. ئەمە تەنیا هەنگاوی یەکەم بوو و دوا هەنگاومان نابێت. ئێمە هەموو توانامان دەخەینەگەڕ لەسەر زەوی و لە ئاسمانەوە لەگەڵ هەواڵگرییە بە تواناکەمان، ئێمە هەموو هەنگاوێک دەنێین بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و نابێت هیچ پەناگەیەکی ئارامیان هەبێت".
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 150 چەکداری گومانلێکراویان دەستبەسەر کردووە، بێجگە لە وێرانکردنی حەشارگەیەک و کۆگایەکی پڕ لە چەک و تەقەمەنی. ئاماژە بەوەش دەکات ئەوانەی کوژراون هەموویان چەکدار بوون، بەڵام جیهادی ئیسلامی دەڵێت، تەنیا هەشتیان چەکداری ئەوان بوون و حەماسیش دەڵێت، چەکدارێکیان کوژراوە.