حکومەتی هۆڵەندا بەهۆی پرسی کۆچبەرانەوە هەڵوەشایەوە


رووداو دیجیتاڵ    
 
حکومەتی هۆڵەندا رۆژی هەینی هەڵوەشایەوە دوای ئەوەی هێزە پێکهێنەرەکانی نەیانتوانی بگەنە رێککەوتن لەبارەی پرسی کۆچبەران. 
 
رۆژی هەینی 7ـی تەممووزی 2023، مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا لە گوتارێکدا هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکەی راگەیاند و گوتی: "ئەوە شتێکی شاراوە نییە کە هاوبەشەکانمان سەبارەت بە پرسی کۆچبەران جیاوازیی لە بۆچوونیاندا هەیە؛ بەداخەوە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە جیاوازییەکان تێناپەڕێندرێن، بەوهۆیەوە دەستلەکارکێشانەوەی تەواوی کابینەکە پێشکێشی پاشا دەکەم."  
 
هەڵوەشاندنەوەکە دوای ئەوە هات رۆژی هەینی چوار پارتە پێکهێنەرەکانی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە و بابەتی کۆبوونەوەکە سیاسەتی کۆچبەران بوو، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن.
 
مارک رایگەیاند، رۆژی شەممە 08-07-2023، نامەی دەستلەکارکێشانەوە رادەستی پاشای وڵاتەکە دەکات، بەڵام حکومەت وەکو کاربەڕێکەر لە کارەکانی بەردەوام دەبێت تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو.
 
دوای راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی حکومەت، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هۆڵەندا رایگەیاند، ناتوانن پێش تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەندامبدەن.
 
مارک رووتە باسی لەوەش کرد کە راستە حکومەتی کاربەڕێکەر ناتوانێت بڕیار لەسەر ئاراستەی سیاسەتی وڵاتەکە بدات، بەڵام هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئۆکراینا هەر بەردەوام دەبێت. 
 
هۆڵەندا یەکێکە لەو وڵاتە ئەوروپییانەی کە یاسا و رێسای تووند بەرامبەر بە کۆچبەران پەیڕەو دەکات، بەڵام پارتە راستڕۆکانی وڵاتەکە بەردەوام گوشار لەسەر حکومەت دەکەن کە رێسای تووندتر دژ بە شەپۆلی کۆچبەران بگرێتەبەر. 
 
تەنیا ساڵی رابردوو، زیاتر لە 46 هەزار کەس داوای مافی مانەوەیان لە هۆڵەندا کردووە و حکومەتیش پێشبینی دەکات کە ئەمساڵ زیاتر لە 70 هەزار کەس داوای مافی مانەوە لە وڵاتەکە بکەن.        
 
ساڵی رابردوو، رێکخراوی مرۆیی مێدیسین-ی بێسنوور بۆ یەکەمجار تیمێکی نارد بۆ هۆڵەندا بۆ ئەوەی هاوکاری حکومەتی وڵاتەکە بکەن بۆ ئەوەی پێداویستییە پزیشکییەکانی کۆچبەران دابین بکەن، ئەوەش بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا "شەرمەزارییە" بۆ وڵاتەکە. 
 
مارک رووتە کە تەمەنی 56 ساڵە، بە یەکەمین سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا دادەنرێت کە بۆ زۆرترین ماوە لەو پۆستەدا ماوەتەوە. مارک لە تشرینی یەکەمی 2010ـەوە ئەو پۆستەی وەرگرتووە و سەرۆکایەتیی چوار کابینەی حکومەتی کردووە.