ئەمساڵ یەک ملیۆن کەس داوای مافی پەنابەرییان لە ئەوروپا کردووە
رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ئەوروپا ئاشکرایکرد کە لە مانگەکانی رابردوودا یەک ملیۆن کەس لە وڵاتانی ئەو یەکێتییەدا داوای مافی پەنابەرییان کردووە. هاووڵاتییانی سووریا و تورکیا و رۆژئاوا و باکووری کوردستان زۆرترین داواکارییان پێشکێشکردووە.
ئاژانسی کۆچبەرانی یەکێتیی ئەوروپا ئەم هەفتەیە راپۆرتی ساڵی 2023ی بڵاوکردەوە. بەپێی راپۆرتەکە؛ لە مانگەکانی رابردوودا یەک ملیۆن کەس لە سەرتاسەری یەکێتییەدا داوای مافی پەنابەرییان کردووە. بەراورد بە ساڵی پێشتر، رێژەی داواکارییەکان 50٪ زیادیانکردووە. ئەو وڵاتانەی کۆچبەران زۆرتر روویان تێکردوون، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیسپانیا، نەمسا و ئیتاڵیان.
لە ئەڵمانیا 224 هەزار کەس داوای مافی پەنابەرییان کردووە. لە فەرەنساش 118 هەزار کەس داواکارییان پێشکێشکردووە.
ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە هاووڵاتییانی سووری و رۆژئاوای کوردستان بە 138 هەزار داواکاریی پلەی یەکەمیان هەیە و هاووڵاتییانی تورکیا و باکووری کوردستانیش بە 58 هەزار داواکاریی پلەی سێیەمیان لە ریزبەندیی ئەوانەدا هەیە کە زۆرترین داواکارییان پێشکێش کردووە.