ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی سووریا و دەروازەی بابلهەوا کۆدەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

ماوەی بە کراوەیی هێشتنەوەی دەروازەی بابلهەوا 9ـی ئەم مانگە کۆتاییدێت؛ بڕیارە ئەمشەو ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە نیویۆرک لەبارەی دۆخی سووریا و درێژکردنەوەی ماوەی بە کراوەیی هێشتنەوەی ئەو دەروازەیە و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان لێیەوە کۆببێتەوە.
 
بڕیار بوو کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی دۆخی سووریا کاژێر 22:00 بە کاتی هەولێر بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی وڵاتان لەبارەی درێژکردنەوەی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان لە رێگەی دەروازەکە بۆ دوو کاژێر دواتر دواخرا.
 
رووسیا رازی بووە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان لە رێگەی دەروازەی بابلهەواوە لە تورکیاوە بۆ سووریا بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژبکرێتەوە. لە کاتێکدا ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای دەکرد بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە دەروازەکە بە رووی ئەو بارهەڵگرانە بە کراوەیی بمێنێتەوە کە یارمەتییە مرۆییەکان دەگوازنەوە.
 
ئیرلەندا و نەرویج پڕۆژەبڕیارێکیان پێشكێشی ئەنجوومەنی ئاسایش کردبوو بۆئەوەی دەروازە سنوورییەکە تاوەکو تەممووزی 2023 بە کراوەیی بمێنێتەوە.
 
تاوتوێکردنی پڕۆژە بڕیارەکە لە کاتێکدایە، هێشتا خەڵکێکی زۆر لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا پێویستییان بە هاوکارییە. 
نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتی ساڵانەیدا کە رۆژی 30ی حوزەیران بڵاویکردەوە رایگەیاند، لە ساڵی 2021دا 13 ملیۆن و 400 هەزار کەس لە سووریا پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی هەبووە، ئەوە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2020دا ژمارەکە 11.1 ملیۆن کەس بووە.
 
ئاژانسەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بەرزبوونەوەی ئەو ژمارەیە بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێنێتەوە، لەوانە قەیرانی ئابووری، کاریگەریی کۆرۆنا، لەدەستدانی بەرهەمی خۆراک، ئەوەش لەبەر گرانبوونی تێچووی کشتوکاڵ، لەنێویدا سووتەمەنی، کەمیی ئاو و گۆڕانی کەشوهەوا کە هەموو ئەوانە بارودۆخی ئاسایشی خۆراکیان لە سووریا خستووەتە مەترسییەوە. 
 
لە سەروو هەموو ئەوانەشەوە، نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت شەڕی 10 ساڵەی نێوخۆی ئەو وڵاتە وایکردووە بارودۆخەکە خراپتر ببێت.