ئەپڵ خزمەتگوزارییەکی ئەمنی بەناوی 'کەرەنتینە' رادەگەیێنێت

07-07-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن ئەپڵ دۆخی کەرەنتین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەمەبەستی پاراستنی بەکارهێنەرانی لە هاککردن، لەنێویاندا هاککردنی بەرهەمەکانی لەلایەن حکومەتی وڵاتانەوە، ئەپڵ خزمەتگوزارییەکی ئەمنی بۆ بەرهەمەکانی زیاد دەکات بەناوی "دۆخی کەرەنتین - Lockdown Mode" و بۆ چالاککردنی ئەو خزمەتگوزارییەش بەکارهێنەرانی ئایفۆن دەبیت مۆبایلەکانیان ریستارت بکەن، واتە بیکوژێننەوە و هەڵیبکەنەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 06-07-2022 کۆمپانیای ئەپڵ رایگەیاند، بۆئەوەی بەکارهێنەرانی ئایفۆن سەلامەت بن لە هاککردن و کاری سیخوڕی بەسەریانەوە، خزمەتگوزارییەکی ئەمنی بەناوی "لۆکداون مۆد - دۆخی کەرەنتین" رادەگەیێنێت. بەپێی راگەیێندراوی کۆمپانیاکەش، بەمزووانە ڤێرژنێکی بۆ تاقیکردنەوە کارا دەکات.
 
ئەو خزمەتگوزارییەی ئەپڵ بۆ ئایفۆن، ئایپاد و کۆمپیوتەری ماکیش دەبێت. ئەو هەنگاوەی ئەپڵیش دوای شەپۆلێک لەو هێرشانە بوو کە بەکارهێنەرانی ئایفۆن تێیدا بەئامانج دەگیران و هاک دەکران و فایلەکانی نێو مۆبایلەکان دەبران؛ هێرشەکانیش لەلایەن میدیاکانی جیهانەوە دۆکیۆمێنت کران، بەتایبەتی سیستەمی پێگاسوس کە سیستەمێکی سیخوڕییە و لەلایەن گرووپی کۆمپانیاکانی NSOی ئیسرائیلییەوە بەرهەمهێندراوە.
 
ئەپڵ دەڵێت، خزمەتگوزارییەکە "تووندە" و بەکارهێنەرانی بەرهەمەکانی سەرپشکن لە بەکارهێنانی، "بەڵام دەبێت ئەوکاتە بەکاربهێندرێت کە بەکارهێنەر لەوباوەڕەدا بێت کە بەشێوەیەکی کەسی لەڕێگەی ئۆنلاینەوە کراوەتە ئامانج."
 
کاتێک ئایفۆن دەخرێتە دۆخی کەرەنتین "Lockdown Mode"، بەشێوەیەکی ئاسایی کارەکانی ناکات، ئەپڵ دەڵێت، "ئەپلیکەیشنەکان، وێبسایتەکان و خزمەتگوزارییەکانی تر لەسەر بەرهەمەکانی زۆر سنووردار دەکرێن بۆ مەبەستی ئەمنی، هەندێک خزمەتگوزارییش بەتەواوی بەردەست نابن."
 
ئیڤان کرستیچ، بەرپرسی ئەندازیاریی ئاسایشی ئەپڵ دەڵێت، "زۆربەی بەکارهێنەرانی ئەپڵ" پیویستیان بە بەکارهێنانی ئەو خزمەتگوزارییە نابێت، بەڵام کۆمپانیاکەیان کار لەگەڵ لێکۆڵەرانی ئەمنی کار دەکات بۆ پاراستنی ئەو کەمینەیەی کە هەستدەکەن ئامێرەکانیان مەترسیی هاکی لەسەرە یان سیخوڕیی بەسەرەوە دەکرێت.
 
ساڵی رابردوو میدیاکانی جیهان ئەوەیان بڵاوکردەوە کە سیستەمی پێگاسوس لە دژی سیاسییەکان، بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ و رۆژنامەڤانان بەکارهێندراوە، دوای ئەو راپۆرتانەش ئەپڵ سکاڵای لەسەر گرووپی کۆمپانیاکانی NSOی ئیسرائیلی تۆمارکرد و ئاگادارکردنەوەیەکی گشتگیری بۆ ئەوانە نارد کە گومان دەکرا لەلایەن بریکارانی کۆمپانیا ئیسرائیلیەکەوە هاک کرابن.
 
ئەمریکاش کۆمپانیا ئیسرائیلییەکەی خستە لیستی رەشی بازرگانییەوە و قەدەخەی کرد کە بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا بکات.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە کە کۆمپانیا ئیسرائیلییەکە رایگەیاندبوو، سیستمەکەی تەنیا لە دژی "تیرۆریستان و تاوانکاران" بەکاردەهێنێت. ئەو سیستمە سیخوڕییەی کۆمپانیا ئیسرائیلییەکەش لەسەر مۆبایلی هاوژینی جەمال خاشوقچی و ژمارەیەک لە وەزیرەکانی چەند کابینەیەکی فەرەنسا و چەند کەسایەتییەکی دیکە دۆزرابوونەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە کەنار دەریایەکی فەرەنسا دوو وشتر بۆ پاککردنەوەی کەناراوەکە بەکاردێن

وشتر بۆ خاوێنکردنەوەی کەناراوەکانی فەرەنسا بەکاردێت

تیمێکی فەرەنسییە لە کەناری دەریای نێوەڕاست، نزیک لە شاری مارسیلیای باشووری وڵاتەکە؛ بە بەکارهێنانی وشتر، کەناراوەکە لە پلاستیک و پاشماوەکانی دیکە خاوێن دەکەنەوە