گالەری

07-07-2017
11 Photos
حەکیم داود

رووداو - AFP

رۆژ بە رۆژ ژمارەی فیل لەجیهاندا کەمدەبێتەوە. سەدەی رابردوو ژمارەی فیلەکانی ئەفریقا چەند ملیۆنێک بوون بەڵام ئێستا ژمارەیان بۆ 700 هەزار کەمبووەتەوە. لە ئاسیاش ژمارەی فیلەکان زیاتر لە 100 هەزار بوون، بەڵام بۆ 40 هەزار کەمبوونەتەوە.

بەپێی ئامارەکان لە دەیەی رابردوودا ژمارەی فیل بە رێژەی 62% کەمبووەتەوە، مەترسیش هەیە لە دەیەی داهاتوودا بەتەواوی نەمێنن، چونکە بەپێی ئامارەکانی رێکخراوەکانی ئەو بوارە، رۆژانە نزیکەی 100 فیلی ئەفریقی لەلایەن راوچییە نایاساییەکانەوە دەکوژرێن، ئەوەش بۆ دەستکەوتنی عاج، گۆشت و بەشەکانی دیکەی جەستەی فیلەکان.

چەند رۆژی رابردوو لە هۆنگ کۆنگ دەستگیرا بەسەر 7.2 تۆن عاجی فیلدا کە نرخەکەی بە نۆ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرا.

رێکخراوی جیهانی پاراستنی ئاژەڵ لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، هەزاران فیل کە بۆ کاتبەسەبردن و بواری گەشتوگوزار بەکاردەهێنرێن لە دۆخێکی نالەباردا دەژین و تووندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، ئەوەش بەهۆی گەشەکردنی خواستی گەشتیاران لەسەر ئەو ئاژەڵە.

رێکخراوەکە دەڵێت، سێ لەسەر چواری ئەو فیلانەی لە وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا بۆ گەشتوگوزار بەکاردەهێنرێن لە دۆخێکی "زۆر نالەبار و نەگونجاودا" دەژین. 

تایلاند یەکێکە لەو وڵاتانەی ژمارەیەکی زۆر گەشتیار بۆ بینینی فیل سەردانی دەکەن. 40%ی ئەو گەشتیارانەی سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن دەڵێن، پلانی پێشوەختەیان هەبووە کە بچنە ئەو شوێنە گەشتیارییانەی فیلیان تێدایە.