ژووری بازرگانیی ئەمریکا بۆ رووداو: زنجیرە هێرشەکانی بەغدا هێرشن بۆ سەر عێراق و عێراقییەکان

رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا لە زنجیرە هێرشەکەی سەر خواردنگە و کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە بەغدا نیگەرانە و دەڵێت: "ئەوانە هێرشن بۆ سەر عێراق و عێراقییەکان". ئەو بەرپرسە بە رووداوی گوت، گرنگە عێراق سەقامگیری و ژینگەیەکی سەلامەتی هەبێت بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی دەرەکی.
 
ستیڤ لووتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا، لەبارەی هێرشی سەر خواردنگە و کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە بەغدا، قسەی بۆ دیار کوردە، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن کرد: "نیگەرانی کارمەندەکان و ئەو کۆمپانیایانەین. ئەوەی کە جێگەی داخە ئەوەیە هێرشی سەر ئەو کۆمپانیایانە هێرشە بۆ سەر عێراق و دانیشتووانەکەی. ئەوانەی لەو خواردنگانە کار دەکەن عێراقین و بە کارکردنیان لەوێ مووچە وەردەگرن و پاڵپشتی لە خێزانەکانیان دەکەن."
 
لە 10 رۆژی رابردوودا چەند جارێک هێرشکراوەتە سەر ژمارەیەک رێستۆرانت و براندی جیهانی، لەنێویاندا خواردنگەکانی KFC، چیڵی هاوس و چوکلێت بار.
 
ستیڤ لووتس بە دیار کوردەی گوت: "هێرشەکان زیان بە ژووری بازرگانی دەگەیێنن و پێمان خۆش نییە. ئەوە هەرگیز رێگەیەکی باش نییە بۆ گەیاندنی دەنگی ناڕەزایی لەسەر پرسە گەورەکان."
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، ژمارەیەک کەسیان بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشەکان دەستگیرکردووە. 
 
جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا دڵخۆشی خۆی بە هەنگاوی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەربڕی و بە رووداوی گوت: "دڵخۆشین کە دەبینین خەڵکی وەکو سەرۆکوەزیران سوودانی نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە و پشتگیریی ئەوە ناکەن (کە روویداوە)."
 
لەبارەی نیگەرانیی وەبەرهێنەران و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەت ئەمریکییەکان، لووتس "سەقامگیریی و ژینگەی سەلامەتی عێراق"ـی بە گرنگ ناوبرد: "کۆمپانیاکان تێگەیشتنێکی باشیان هەیە و دەزانن کە ئەوە شتێکی کاتییە. چەندین وەبەرهێنانی کەرتە جیاوازەکانیش بەو هێرشانە کاریگەرییان نەکەوتووەتە سەر."
 
ئەو بەرپرسە هەروەها رایگەیاند، ئەمریکا "لە عێراق بیر لە وەبەرهێنانی درێژمەودا دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستانیش لەخۆ دەگرێت". 
 
رۆژی 06-06-2024، تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان گوتی: "رێگە نادەین هەڕەشە لە ئاشتیی شوێنە گشتییەکان بکرێت و رووبەڕووی هەموو ئەوانە دەبینەوە کە کێشە بۆ ئاسایش و سەلامەتیی وڵات دروست دەکەن."
 
بە گوێرەی مادەی 4ی یاسای بنبڕکردنی تیرۆر، ئەوانەی دەستگیرکراون سزاکەیان بەندکردنی هەمیشەییە یان لەسێدارەدانە.
 
وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەڵێت: "هەندێک لەو تۆمەتبارانە سەر بە هێزە ئەمنییەکان بوون. ئەو کارانەیان کردووە گوایە زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەگەیێنن."