لە دانیمارک لەدوای 29 ساڵ دۆسێی کوژرانی کچە کوردێک داخرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەم هەفتەیە بۆ کوردی دانیمارک و خەڵکی دانیمارکیش بەگشتی تایبەت بوو. دۆسێیەکی کوشتن کە 29 ساڵە بە کراوەیی ماوەتەوە، لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە داخرا. 
 
رۆژان ئیسماعیل کچۆڵەیەکی تەمەن 7 ساڵ بوو کە لە مانگی 6ی ساڵی 1995، لە شاری کۆپنهاگن بە کوژراوی لەپشت ماڵی خۆیان دۆزرایەوە. بەدرێژایی ئەو ساڵانە پۆلیس و میدیای دانیمارکی بەدوای ئەوەوە بوون بزانن رۆژان چۆن کوژراوە و کێ کوشتوویەتی.
 
ئێوارەیەک رۆژان بۆ یاریکردن لە دەرەوە دەبێ و لەدوای کاژێر پێنج و نیوەوە چیدیکە نابیندرێ. چەند کاژێرێک دواتر دراوسێیەک زەرفێکی پلاستیک لەنێو تەنەکەی زبڵدا دەبینێ و کە زۆرتر لێی ورددەبنەوە دەردەکەوێ تەرمی ئەو منداڵە بێگوناهەی تێدایە. 
 
ئەم هەفتەیە پۆلیس دەڵێ بە یارمەتیی تەکنەلۆژیای نوێ و بە بەراوردکردنی دی ئێن ئەی بۆیان یەکلایی بووەتەوە کە کابرایەک ئەو کارەی کردووە کە ساڵی 2012 مردووە. بۆیەش پۆلیس دەڵێ لەم هەفتەیە دۆسێکە دادەخات و چیدیکە لێکۆڵینەوەی لەبارەوە ناکات. دەنیز بەرخوەدان، نووسەر و کەسی چالاک لەنێو دیاسپۆرای کوردی لە دانیمارک میوانمە.