جیهان
ئەم مینی پاسە لە شاری ئوم دورمانی سوودان سەدان فیشەکی شەڕی نێوخۆی وڵاتەکەی بەرکەوتووە کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، پێویستە هەوڵێکی نێودەوڵەتی بۆ رێگریکردن لە ئاوارەکردنی دانیشتووانی سڤیلی ساحلی ئەفریقا هەبێت.
رۆژی هەینی، 7ی حوزەیرانی 2024، ئەلفا سەیدی با، گوتەبێژی ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دۆخی ناوچەی ساحل رایگەیاند: "ئاوارەکردنی هاووڵاتییانی سڤیل پێویستی بە هەوڵێکی نێودەوڵەتییە بۆ رێگریکردن لە خراپتربوونی"؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "دۆخی ئەمنی لە نێوەڕاستی ساحل باش نییە و خەڵک ناچار دەکرێت ماڵەکانیان جێبهێڵن و بەدوای شوێنێکی سەلامەتدا بگەڕێن."
ناوچەی ساحل کەوتووەتە بەشی سەرەوەی نێوەڕاستی کیشوەری ئەفریقا و وڵاتانی سەنیگال، مۆریتانیا، مالی، بورکینا فاسۆ، نەیجەر، نایجیریا، چاد، سوودان، ئەریتیریا و باشووری جەزائیر دەگرێتەوە. رووبەری ئەو ناوچەیە 15 ملیۆن و 620 هەزار کیلۆمەتر دووجایە.
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە چوار ساڵی رابردوودا جەنگ و ئاڵۆزییەکان بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی سێ ملیۆن و 300 هەزار کەس لە وڵاتانی بورکینا فاسۆ، مالی و نەیجەر. گۆڕانی کەشوهەواش دۆخی ئاوارەکانی خراپتر کردووە.
هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیەی کیشوەری ئەفریقا چەندین ساڵە بەدەست شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکان و حکومەتی ئەو وڵاتانەوە دەناڵێنن.
لە 2012ـەوە قاعیدە و دواتریش داعش چەندین کاری تووندوتیژییان لە مالی ئەنجام داوە. لە بورکینا فاسۆش، تووندوتیژییەکان زیادیان کردووە و لە پێرارەوە وڵاتەکە دوو کودەتای سەربازی بەخۆیەوە بینووە. پاریش کودەتایەکی سەربازی لە نەیجەر روویدا.
ئەلفا با ئاماژەی بەوەشکرد: "نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانە لە گەورەبوونی قەیرانی مرۆیی لە ناوچەی ساحل" و گوتی، هەروەها، زۆرترین زیان بەر منداڵان و ژنان کەوتووە کە بوونەتە قوربانی قاچاخچییەکان.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، پێویستیان بە 443 ملیۆن و 500 هەزار دۆلارە بۆ دابینکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ ئاوارەکانی بورکینا فاسۆ، مالی، نەیجەر و مۆریتانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ