چیرۆکی نقوومبوونی بەلەمێک بە 18 سەرنشینی کوردەوە؛ تەرمی چوار کەسیان دۆزراونەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

بەلەمێکی کۆچبەران بە 26 سەرنشینەوە لەنێوان جەزائیر و ئیسپانیا ژێرئاوکەوت کە 18یان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا تەرمی حەوت کەسیان دۆزراونەتەوە کە چوار کەسیان کوردن.
 
بەلەمەکە لە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 28-05-2023، لە کەناراوەکانی شاری ئەرهاتی ولایەتی تیبازەی جەزائیرەوە بەرەو ئیسپانیا بەڕێکەوتووە و دوای بڕینی 30 کیلۆمەتر، ژێرئاو کەوتووە. 26 کەس سەرنشینی بەلەمەکە بوون کە 18 یان کورد بوون؛ لەوانە 14 کەسیان خەڵکی کۆبانێ و کوردەکانی دیکەیش خەڵکی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بوون.
 
یەکێک لەو کەسانەی کە لەگەڵ هاوژینەکەیدا تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە، ئەحمەد کیکۆیە. ئەحمەد دوو ساڵ پێش ئێستا ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و ساڵێک و سێ مانگە لەگەڵ هاوژینەکەی لە جەزائیر دەژیان، ئەوەش دوای تێكچوونی دۆخی ئابووریی لوبنان کە ماوەیەک بوو لەوێ دەژیان.

 

 
حەنان دەروێش، زاوای ئەحمەد کیکۆ کە ئەویش هەشت مانگە لە جەزائیر دەژی، میوانی بووڵتەنی کاژێر 05:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، رایگەیاند، حەوت کەس گەیێندراونەتە نەخۆشخانە کە چواریان کوردن و تەرمەکانیان ناسراوەتەوە، بەڵام لە دەرەوەی ئەو حەوت کەسە، ئەوانی دیکە هەموویان بێسەروشوێنن، هیچ زانیاریی لەبارەیانەوە نییە و نازانن لەکوێن.
 
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، تەنیا گیانلەدەستدانی ئەو حەوت کەسە پشتڕاستبووەتەوە، باس لە گیانلەدەستدانی چەند کەسێکی دیکەیش دەکرێت، بەڵام هیچ زانیاری لەبارەیانەوە نییە و نەگەیێندراونەتە نەخۆشخانە، بۆیە ناتوانن ئەوە پشتڕاست بکەنەوە.

 

 
بە گوتەی حەنان دەروێش، ئەو هاونیشتمانییانە کاتێک لە ماڵ چوونەتە دەرەوە، کۆمەڵێک هیوایان بۆخۆیان داناوە، بەڵام لە رێگەدا رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بوونەتەوە. دەشڵێت، چەندین هاونیشتمانیی دیکەی رۆژئاوای کوردستان کە لە جەزائیر نیشتەجێن، ئامادەکارییان کردووە بۆئەوەی رێگەی ئەوروپا بگرنە بەر.
 
حەنان وەکو خۆی باسی دەکات، ئەو یەکێک بوو لەوانەی کە خۆی ئامادەکردبوو بەختی خۆی لەو رێگەیەدا تاقیبکاتەوە، بەڵام دوای ئەم رووداوە، پەشیمان بووەتەوە و بڕیاری داوە بگەڕێتەوە هەرێمی کورستان. دەشڵێت، "لە هەرێمی کوردستان بڕیاری کۆتایی دەدەم کە ئاخۆ هەر لەوێ بمێننەوە یان بچمەوە رۆژئاوای کوردستان."
 

چوار کەسی دیکە کە ناوەکانیان ئاشکرا کراوە و لە بەلەمەکەدا بوون، دوو هاوژین و دوو منداڵیان بوون. شیار محەممەد خەلیل و جەمیلەی هاوژینی، لەگەڵ ئازاد و ئایاس کە منداڵی ئەو دوو هاوژینەن، لە بەلەمەدا بوون. هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، مەحموود سلێمان، ئامۆزای جەمیلە بە رووداوی راگەیاند، تەرمی دوو منداڵەکە دۆزراوەتەوە، بەڵام چارەنووسی دایک و باوکیان تاوەکو ئێستا دیار نییە.