تەقەکارێک لە ئەمریکا بە هەڕەمەکی هەشت کەس لە مۆڵێکدا دەکوژێت

07-05-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
نیشانەکردن ئەمریکا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چەکدارێک لە مۆڵێکی قەرەباڵخی ئەمریکا، هەشت کەسی بە گوللـە کوشت، دواتر خۆیشی لەلایەن پۆلیسەوە کوژرا.
 
رۆژی 7ـی ئایاری 2023 پۆلیسی ویلایەتی تێکساس ئاشکرای کرد چەکدارێک کە تائێستا ناسنامەی ئاشکرا نەکراوە، چووەتە بەردەم مۆڵێکی قەرەباڵخ لە شاری ئاڵن لە داڵاسی باکووری ویلایەتی تێکساس و بە هەڕەمەکی دەستڕێژی گوللـەی لە خەڵک کردووە. 
 
پۆلیسی تێکساس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە لە هۆکاری هێرشەکە و دەڵێ "تائێستا هۆکارەکەی نازانرێت". لەدوای ئەوەی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی هێرشەکە، شەڕە تەقە لەنێوان هێرشکارەکە و پۆلیسدا روویداوە، لە ئەنجامدا هێرشکارەکە لەنێزیک مۆڵەکە کوژراوە.
 
پۆلیسی ویلایەتی تێکساس باسی لەوە کردووە، بێجگە لەو حەوت کەسەی لە شوێنی رووداوەکەدا کوژراون، نۆ برینداریان گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانە و لەوێش دووانیان گیانیان لەدەستداوە، چواری دیکەشیان دۆخی تەندروستییان جێگر نییە. 
 
تەمەنی قوربانییەکان بەپێی پۆلیسی ئەو ویلایەتەی ئەمریکا، لەنێوان پێنج بۆ 61 ساڵە.
 
ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی رووداوەکە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، سەرەتای هێرشەکە نیشاندەدەن، کاژێر 3:30ـی پاشنیوەڕۆ (6ـی ئایار کە دەکاتە 11:36ـی شەوی 6ـی ئایار بەکاتی هەولێر) بووە و هێرشکارەکە لە ئۆتۆمبێلێکی رەنگ زیوی دێتەخوارەوە و راستەوخۆ دەست بە تەقەکردنێکی هەڕەمەکی بەنێو خەڵکدا دەکات لە دەرەوەی مۆڵەکە. 
 
رووداوی تەقەکردن، بووەتە دیاردەیەکی مەترسیدار لەنێو کۆمەڵگەی ئەمریکیدا و ساڵانە بەهۆی رووداوی تەقەکردنەوە بە سەتان ئەمریکی دەکوژرێن و بریندار دەکرێن. 
 
بەگوێرەی ئاماری فەرمی؛ لەماوەی چوار مانگی ئەمساڵدا، لانیکەم 198 کەس بەهۆی تەقەکردنەوە کوژراون، ئەمەش زۆرترین ژمارەی کوژراوە لە ئەمریکا لە رووداوی تەقەکردندا، لەوەتەی ساڵی 2016ـەوە. 
 
لە ویلایەتی تێکساک، یاساکانی هەڵگرتنی چەک هاوشێوەی هەندێک ویلایەتی دیکەی ئەمریکا توند نین و، لە دوای تەمەنی 21 ساڵییەوە، خەڵک دەتوانن بێ مۆڵەت چەک هەڵبگرن، ئەگەر پێشینەی تاوانیان نەبێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە