رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی نقومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لەنێو دەریای نێوەڕاست (دەریای سپی)، سێ کۆچبەر بێسەروشوێنن و گوماندەکرێت خنکابن، 40 کۆچبەری دیکەی نێو بەلەمەکەش رزگارکراون.
ماسیگرە تونسییەکان سەرەتا گەیشتبوونە شوێنی رووداوەکە، پێش ئەوەی کەشتییەکی رێکخراوی ریسکیوشیپ، کە رێکخراوێکی بەهاناوەچوونی ئەڵمانیی کۆجبەرانە، بەهانایانەوە بچێت.
گوتەبێژێکی رێکخراوە ئەڵمانییەکە دەڵێت: "کاتێک کەشتییەکەمان گەیشتە شوێنەکە، ماسیگرەکان 38 کەسیان رزگارکردبوو کە لەنێو ئاوەکەدا بوون. ئەوان بە ئێمەیان گوت سێ کەس بێسەروشوێنن."
بەلەمی کۆچبەرەکان لە باشووری رۆژهەڵاتی دوورگەی لامپێدوسای ئیتاڵی نقوومببوو.
رێکخراوە ئەڵمانییەکە رایگەیاند، کۆچبەرە رزگارکراوەکان لەلایەن پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیاوە بردراونەتە دوورگەی لامپێدوسا، هەرچەندە ماوەی چەندین هەفتەیە ناوەندەکانی کۆچبەران بەهۆی زۆری ژمارەی گەیشتووانەوە پڕ بوون.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی نێوخۆی ئیتاڵیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 42 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە ئیتاڵیا، ئەمەش نزیکەی چوارهێندەی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەیە، کە لە چوار مانگی سەرەتای ساڵی رابردوودا گەیشتبوونە ئەو وڵاتە ئەوروپیەی سەر دەریای نێوەڕاست.
زۆربەی ئەوانەی لە باکووری ئەفریقاوە بەڕێگەی قاچاخ هەوڵی گەیشتن بە ئەوروپا دەدەن، ناگەنە شوێنی مەبەستیان.
نەتەوە یەکگرتووەکان 12ـی نیسانی ئەمساڵ رایگەیاند، لەدوای ساڵی 2017، کانوونی دووەم و ئاداری 2023، کوشندەترین ماوە بووە بۆ کۆچبەران لە نێوەڕاستی دەریای نێوەڕاستدا، بە جۆرێک تەنیا لەو ماوەیەدا 441 کەس لەو رێڕەوە ئاوییەدا خنکاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ