لە وڵاتی کینیا چەند جووتیارێک لوولپێچ لە کێڵگەکانیان بەخێودەکەن


رووداو دیجیتاڵ

لوولپێچ [کرمە لیقە] لە خۆراکە باوەکانی وڵاتی کینیایە. لێرە هاوشێوەی بەراز و مانگا، لوولپیچ لە کێڵگەکاندا بەخێودەکرێت و هاووڵاتییان وەکو بەشێکی سەرەکی ژەمی خۆراک بەکاریدەهێنن.
 
پاوڵ کینۆتی، پسپۆڕی بواری خۆراک، خاوەنی کێڵگەیەکی لوولپێچە و لەو رێگەیەوە بژێوی ژیانی دابیندەکات و دەڵێت، "لوولپێچ بە خواردنێکی شاهانە دادەنرێت و لە زۆربەی وڵاتان بە تایبەت وڵاتانی ئەفریقای رۆژئاوا وەکو سەرچاوەیەکی سەرەکی پرۆتین بەکاردەهێندرێت. بۆیە ئەگەر لە لایەن جووتیارانی کینیاوە گرنگی پێبدرێت، دەتوانین لوولپێچ بکەینە جێگرەوەی ئەو پرۆتینەی لە مانگا و مەڕەوە دەستمان دەکەوێت".
 
لوولپێچەکان لەسەر سەوزە و میوە دەژین و لە کەشی سارد و باراناویدا باشتر گەشە دەکەن. نرخی یەک کیلۆ گۆشتی نزیکەی $25ـە. هەرچەندە قەبارەیان بچووکە، بەڵام بە شێوەیەکی خێرا زیاد دەکەن و هەموو سێ مانگ جارێک 300  گەرا دادەنێن. بۆیە جووتیاران بەرهەمەکانیان هەناردەی وڵاتانی دیکەش دەکەن بە تایبەت دوبەی.
 
رۆز کابوورا، خاوەنی کێڵگەی لوولپێچ باس لەوە دەکات، "بوونەوەرێکی بێدەنگە و بۆنیشی ناخۆش نییە، دەتوانی لە ناوچە شارنشینەکانیشدا بەخێوی بکەیت. زۆر لە بەخێوکردنی بەراز و مانگا باشترە؛ بەراز و مانگا رووبەرێکی گەورەیان پێویستە و دەنگیان بەرزە و بۆنیان ناخۆشە. بۆیە من بەخێوکردنی لوولپێچم هەڵبژارد".
 
ئەم خێزانە خەریکی کۆکردنەوەی لوولپێچەکانن لە کەنار دەریا و نێو زەلکاوەکان. بە شێوازێکی تایبەت ئامادەی دەکەن و دەیخۆن. لە ساڵەکانی کەمبارانیدا، خواردنەکە زیاتر خواستی لەسەرە، چونکە بە گوتەی هاووڵاتییان بووەتە جێگرەوەی گۆشت و سەوزەوات بۆیان.