رووداو دیجیتاڵ
کۆمارییەکانی ئەمریکا دەیانەوێت چوونی جۆن کێری، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەردەم لێژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران بقۆزنەوە و پرسیاری لێبکەن کە ئایا راستە زانیاریی هەواڵگریی ئیسرائیلییەکانی بە ئێرانییەکان داوە؟
فۆکس نیوزی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی کۆماری، کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، رایگەیاند ئەندامانی کۆماری نێو ئەنجوومەنی نوێنەران بەنیازن گوشار بخەنە سەر جۆن کێری، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر لێدوانە دزەپێکراوەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران کە تێیدا رایگەیاندبوو کێری زانیاری هەواڵگریی ئیسرائیلی پێداوە.
بڕیارە رۆژی چوارشەممە، جۆن کێری لەبەردەم لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئامادەبێت و زانیاری لەبارەی هەوڵەکانی ئیدارەی بایدن تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا بە لێژنەکە بدات.
سەرچاوە میدیاییەکە باس لەوە دەکات ئەندامە کۆمارییەکانی نێو ئەنجوومەنی نوێنەران نیازیان هەیە داوای روونکردنەوە لە جۆن کێری بکەن، سەبارەت بە لێدوانە دزەپێکراوەکانی محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران.
لە لێدوانەکەیدا زەریف گوتویەتی گوایە لەو کاتەی جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بووە لە سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆباما، ئەو زانیاری هەواڵگریی نهێنی بە زەریف داوە و پێیگوتووە ئیسرائیل نزیکەی 200 پێگەی ئێرانی لە سووریا بۆردومانکردووە.
بەڵام جۆن کێری سەرجەم ئەو قسانەی رەتکردنەوە و رایگەیاند، ئەو هەواڵانە دوورن لە راستی و بانگەشەیەکن بە تەواوەتی هەڵەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ