بەشداری موسڵمانان لە هەڵبژاردنی بەریتانیا

08-05-2015
رووداو @Rudawkurdish
رووداو
رووداو
نیشانەکردن موسڵمان بەریتانیا هەڵبژاردن
A+ A-
رووداو - هەولێر

موسڵمانەکانی بەریتانیا نزیکەی٥% دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن، بە پێی لێکۆڵینەوەکان، ئایینی ئیسلام  دووەم ئایینە لە دوای ئایینی مەسیحی، بەگوێرەی زانیاری و داتا  فەرمییەکان ٤٨% موسڵمانەکان تەمەنیان لە خوار ٢٤ ساڵانەوەیە.  

ناوەندی ئیبسوس موری لە  بەریتانیا  لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجامداوە و بەپێی لێکۆڵینەوەکە لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٠  موسڵمانەکان بە رێژەی ٤٧% بەشداری هەڵبژاردنیان کردووە، لە بەرامبەردا مەسیحییەکان بە رێژەی ٨٥%  بەشداری هەڵبژاردنەکانیان کردووە.
 
چاودێران پێیانوایە هۆکاری بەشداری نەرێنی موسڵمانەکان لە هەڵبژاردن بۆ  ئەوە دەگەڕێتەوە کە نایانەوێت تێکەڵی کۆمەڵگای بەریتانی بن، بەڵکو هەوڵدەدەن دەست بە  بەهاکانی خۆیانەو بگرن.

هۆکارێکی دیکە کە موسڵمانەکانی بێئومێدکردووە، بوونی ژمارەیەک موسڵمانە لە ریزی چەکدارانی داعش و رێکخراوی ئەلقاعیدە، لەوانە  سەربڕەکەی داعش کە بە جیهادی جۆن ناسراوە ، نیگەرانی زۆری بۆ موسڵمانەکانی بەریتانیای دروستکردووە.

لە رووی مێژووییەوە، کەمینە ئایینییەکان بە تایبەتی موسڵمانەکان دەنگیان بۆ  پارتی کار داوە، کە ئێستا دەیڤید میلیباند سەرۆکایەتی دەکات.

بەڵام  کاتێک تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا سەرکردەی پارتی کار بوو، بڕیاری بەشداریکردنی لە جەنگی عێراق ئەفغانستان دا، بۆیە موسڵمانەکان لە دوو هەڵبژاردنی رابردوودا  کەمترین دەنگیان بە پارتی کار داوە.  

دەیڤید میلباند، سەرکردەی پارتی کار بۆ گەڕانەوەی متمانەی موسڵمانەکان و  بۆ بەدەستهێنانی دەنگی موسڵمانەکان بەڵێنیداوە ئەگەر سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، دیاردەی ئیسلامۆفۆبیا " ترسان لە موسڵمانەکان" بە تاوان دەدانێت، هەروەها سزای یاسایی بۆ دادەنرێت ئەمەش لە کاتێکدایە، کە میلباند بۆ خۆی جوولەکەیە.

 لە دواین راپرسیشدا دەرکەتووە، نزیکەی  ٧٥% موسڵمانەکان دەنگ بە پارتی کاری بەریتانیا دەدەن.      

 لە لایەکی دیکەوە موسڵمانەکانی بەریتانیا بە تایبەتی عەرەبەکان لە دوای هەڵوێستی پارتی پارێزگاران لەبەرامبەر جەنگی ئیسرائیل و غەززە لە ساڵی ٢٠١٤دا  نیگەرانبوون  بۆیە پێدەچێت پارتی پارێزگارانیش دەنگی موسڵمانەکان لە دەستبدات.
    

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە