ترەمپ: رۆژی شەممە گفتوگۆی راستەوخۆمان لەگەڵ ئێران دەبێت

رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، واشنتن گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەڵ تاراندا هەیە و گفتوگۆکان باڵان. گوتیشی، رۆژی 12ـی مانگ کۆبوونەوەیان دەبێت. بەبۆنەی "دەست بەسەردا گرتنی سووریا" پیرۆزبایی لە ئەردۆغان دەکات.
رۆژی دووشەممە 07-04-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد. ترەمپ لەکاتی قسەکردن بۆ رۆژنامەڤانان لەبارەی ئێران گوتی: "رۆژی شەممە کۆبوونەوەیەکی زۆر گەورەمان هەیە و بە شێوەیەکی راستەوخۆ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین."
ترەمپ گوتی: "لەوانەیە رێککەوتنێک بکەین، ئەمەش زۆر مەزن دەبێت. کۆبوونەوەکەی رۆژی شەممە لە ئاستی باڵایە."
پرسیار لە ترەمپ کرا، ئایا وەڵامی سەربازی بۆ لابردنی هەڕەشەی ئەتۆمی لە ئێران دەبێت؟ گوتی: "ئێران نابێت ببێتە خاوەنی ئەتۆم. ئەگەر گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران سەریان نەگرت، ئێران لە کێشەدا دەبێت."
تورکیا و سووریا
پرسیار لە ترەمپ لەبارەی ئەو هەڵوێستەی تورکیا کرا کە رایگەیاندبوو دۆخی سووریا سەقامگیر دەکات. ئەو گوتی، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هەیە و گوتی: "پێموانییە ئەمە ببێتە کێشە."
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ئەو دەتوانێت هەر کێشەیەک "چارەسەر" بکات کە ئیسرائیل لەگەڵ تورکیا لەبارەی دەستخستنتی کۆنتڕۆڵی زیاتر لە سووریا هەیەتی.
ترەمپ پیرۆزبایی لە ئەردۆغان کرد و گوتی: "ئەو دەستی بەسەر سووریادا گرت، کارێک کە کەس نەیدەتوانی بیکات."
غەززە
ترەمپ غەززەی بە "پارچەیەکی زۆر گرنگی خانووبەرە [عەقارات]" وەسفکرد و گوتی: "زۆر باش دەبێت ئەگەر هێزی ئاشتیخوازی ئەمریکا کۆنترۆڵی غەززە بکات و ببێتە خاوەنی."
ترەمپ دووبارە باسی "ناردنە دەرەوەی فەلەستینییەکانی غەززە"ـی لە خاکی خۆیان کرد و گوتی: "لە غەززە زۆنێکی ئازاد دروستدەکەم."
ترەمپ هەروەها گوتی: "ئێستا غەززە شوێنێکە کە کەس نایەوێت لێی بژیت."
بنیامین نەتەنیاهوو گوتی، دووبارە بنیاتنانەوەی غەززە چەندین ساڵی دەوێت. "من و سەرۆک ترەمپ دیدێکمان بۆ غەززە هەیە و کاری لەسەر دەکەین."
لەبارەی بارمتەکانەوە ترەمپ گوتی، ئەو زۆر بە چڕی هەوڵدەدات بارمتەکانی غەززە رزگار بکرێن. "ئەمریکا چاوی لە ئاگربەستێکی دیکەیە، با بزانین چی روودەدات."
ترەمپ پەسنی نەتەنیاهووی کرد و گوتی: "ئەو هەوڵی زۆر بۆ رزگارکردنی بارمتەکان دەدات و کارێکی مەزن دەکات."
نەتەنیاهووش گوتی: "من هاوبەشێکی مەزنم هەیە."
حووسییەکان
ترەمپ لەبارەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن کە هاوسۆزییان بۆ حەماس دەربڕیوە گوتی: "بەڕاستی زیانی زۆرمان لێداون و ئازاری زۆرمان داون."
ترەمپ گوتی، ئێستا حووسییەکان نازانن چی دەکەن، "ئەمریکا چەندین سەرکردە و شارەزا و پسپۆڕی مووشەکی ئەوانی کوشت."
پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە دانیشتنەکە ئامادەبوو و گوتی: "هێرشی سەر حووسییەکان بەردەوام دەبن، تاوەکو رایدەگەیێنن کە چیدیکە هێرش ناکەنە سەر کەشتییە ئەمریکییەکانی دەریای سوور. بە ئێرانیشمان گوتووە پشتیوانی لە حووسییەکان نەکەن."