زیلینسکی: کۆنگرێسی ئەمریکا هاوکاری نەنێرێت، ئۆکراینا جەنگەکە دەدۆڕێنێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا هۆشداریی دەدات ئەگەر کۆنگرێسی ئەمریکا هاوکاریی سەربازییان بۆ نەنێرێت، ئۆکراینا جەنگی دژی رووسیا دەدۆڕێنێت.
رۆژی یەکشەممە، 07-04-2024، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، "ئەگەر کۆنگرێسی ئەمریکا هاوکارییە سەربازییەکانمان بۆ نەنێرێت ئێمە جەنگەکە دەدۆڕێنین."
چەند مانگێکە ئەندامە کۆمارییەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا ناهێڵن پاکێجێکی ملیار دۆلاری بۆ یارمەتیدانی سەربازانی ئۆکراینا تێپەڕێت.
سەرۆکی ئۆکراینا هەروەها ئاماژەی بەوەدا، "زۆر قورسە بۆ ئۆکراینا بەبێ چەک و یارمەتی بەرگەی ئەو جەنگە بگرێت. ئەگەر بدۆڕێت، هێرش دەکرێتە سەر وڵاتانی دیکە."
جەنگی ئۆکراینا و رووسیا لە شوباتی 2022 دەستیپێکرد و تائێستا بەردەوامە؛ لە 24ـی شوباتی 2022، رووسیا هێرشێکی فراوانی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری ئۆکراینا دەستپێکرد.
ئەمریکا و چەندین وڵاتی ئەوروپا هەر لە دەستپێکی جەنگەوە پشتگیریی خۆیان بۆ ئۆکراینا راگەیاند و بە چەک و پارە یارمەتییان داوە.
لە شوباتی ئەم ساڵ، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، دەبێت وڵاتانی رۆژئاوا لەوە تێبگەن کە ناتوانن لە ئۆکراینا شکست بە رووسیا بێنن.
لە دەستپێکی جەنگەکەوە ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا بایی زیاتر لە 240 ملیار دۆلار هاوکاریی ئۆکراینایان کردووە و ئەوەش هۆکاری بەردەوامیی ئۆکراینا بووە لە بەرامبەر پێشڕەوی سوپا زەبەلاحەکەی رووسیا.
رووسیا بەشێکی هەرێمەکانی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک، میکۆلایڤ و زاپۆریژیای لەنێو ئۆکراینا کۆنترۆڵ کردووە؛ لە ساڵی 2014شەوە نیمچەدوورگەی کریمیای لە ئۆکراینا بە خۆیەوە لکاندووە و بە بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی ناساندوویەتی.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لەو جەنگەدا زیاتر لە 10 هەزار سڤیلی ئۆکراینی کوژراون.
بە مەزەندەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش، ئەو جەنگە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 100 هەزار سەربازی ئۆکراینی و لە بەرامبەریشدا لانیکەم 120 هەزار سەربازی رووسی و چەکداری ڤاگنەری رووسی لە ئۆکراینا کوژراون.