بیڵ گەیتس رەتیدەکاتەوە پشتیوانی لە وەستاندنی پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد بکات

رووداو - هەولێر

بیڵ گەیتس، هاودامەزرێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت رەتیدەکاتەوە پشتیوانی لە پێشنیازی تایبەت بە وەستاندنی پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد بکات. 
 
پێشتر ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی تێسلا و تویتەر؛ ستیڤ وۆزنیاک، هاودامەزرێنەری کۆمپانیای ئەپڵ؛ عیماد مۆستاک، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای Stability AI لەگەڵ زیاتر لە هەزار و 100 کەسایەتی و پسپۆڕی دیکەی بواری تەکنەلۆجیا، لە نامەیەکی کراوەدا داوایانکردبوو پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد بۆ ماوەیەکی کاتی بووەستێنرێت، چونکە بە بڕوای خۆیان، تەکنەلۆجیاکە کەلێنی تێدایە و دەتوانرێت خراپ بەکاربهێنرێت. بەڵام گەیتس ئەو بیرۆکەیەی پێ باش نییە. 
 
ملیاردێرە ئەمریکییەکە دەڵێت، وەستاندنی یەک کۆمپانیا یان یەک گرووپ لە پەرەپێدانی تەکنەلۆجیاکە "بیرۆکەیەکی باش نییە."
 
گەیتس لەبارەی تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکردەوە دەڵێت: "روونە کە ئەم شتانە سوودی گەورەیان هەیە. ئەوەی کە پێویستە بیکەین بریتییە لە دۆزینەوەی کێشەکان."
 
گەیتس جەختی لەوە کردووەتەوە کە وەستاندنەکە درز و کەلێنی دەبێت ئەگەر هەموو کۆمپانیاکانی سەرانسەری جیهان پێوەی پابەند نەبن. 
 
هاودامەزرێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت پێیوایە، ئەگەر داوا لە تەنیا چەند کۆمپانیایەک بکرێت دەست لە پەرەپێدانی تەکنەلۆجیاکەیان هەڵبگرن، بەڵام چەند کۆمپانیایەکی دیکە بەردەوام بن لە بەرەوپێشردنی بەرهەمەکەیان، کێشەکان بەردەوام دەبن. 
 
ئەو نامەیەی کە مانگی رابردوو بڵاوکرایەوە، تێیدا هاتبوو هەر سیستمێکی ژیریی دەستکرد "لە GPT-4 بەهێزتر بێت"، پێویستە دەستبەجێ پەرەپێدانی بووەستێنرێت. 
 
سەدان کەسایەتیی کاریگەری جیهانی، لەنێویاندا ئیلۆن مەسک داوایانکرد پەرەپێدانی سیستمەکانی ژیریی دەستکرد بۆ ماوەی شەش مانگ بووەستێنرێت. 
 
بەڵام رەخنەگران پرسیاری ئەوە دەکەن کە ئایا کۆمپانیای تێسلای ئیلۆن مەسک پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای ژیری دەستکردی تایبەت بە خۆی دەوەستێنێت یان نا، وەک تێسلا بۆت و تەکنەلۆجیاکانی دیکەی ئۆتۆمبێلە خۆهاژۆکانی. 
 
ناکۆکیی نێوان مەسک و گەیتس
 
ناکۆکیی ئەم دواییەی نێوان مەسک و گەیتس ئەو کاتە دەستیپێکرد کە مەسک لە ئینتەرنێت هێرشیکردە سەر گەیتس و ئاماژەی بەوە کرد، گەیتس تێگەیشتنێکی "سنورداری" بۆ ژیریی دەستکرد هەیە. 
 
ئەمەش دوای ئەوەی کە بیڵ گەیتس گوتارێکی بە ناونیشانی "سەردەمی ژیریی دەستکرد دەستیپێکردووە" بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە تەکنەلۆجیاکە لە پاڵ باشترکردنی ژیانی بەشێکی زۆری دانیشتووانی زەوی، مەترسیشی هەیە. 
 
ساڵی رابردوو کاتێک کە ChatGPT لە لایەن کۆمپانیای OpenAIـەوە بەردەستکرا، وەک داهێنانێکی وەرچەرخێن پێشوازی لێکرا، بەڵام زۆری نەبرد کە کرێکاران و کارمەندان هەستیان بە ترسێکی گەورە کرد لەوەی کە چاتبۆتەکان لە داهاتوودا شوێنی ئەوان دەگرنەوە و سەرەنجام بەشێکی زۆری خەڵک کارەکانیان لەدەستدەدەن. 
 
کانوونی دووەمی ئەمساڵ، مایکرۆسۆفت 10 ملیار دۆلاری دیکەی لە کۆمپانیای OpenAIـدا وەبەرهێنا. ماوەیەکی کەم دوای ئەوەش چاتبۆتی Bing کە پشت بە ژێرخانی تەکنەلۆجیی OpenAI دەبەستێت، راگەیێنرا. 
 
Bing سەرەتایەکی پڕ لە کۆسپ و تەگەرەی هەبوو بە جۆرێک کە چاتبۆتەکە گفتوگۆی "ناڕوون"ی لەگەڵ بەکارهێنەراندا هەبوو. بیڵ گەیتس کێشەکەی خستە ئەستۆی بەکارهێنەران. 
 
هاوشێوەی ئەوە، لە وەشانی سەرەتایی تەکنەلۆجیای Bardی گووگڵدا، تەکنەلۆجیاکە لە کاتی وەڵامدانەوەی پرسیاری بەکارهێنەران هەڵەی دەکرد و زیانی دارایی بەرچاوی بە کۆمپانیا ئەمریکییەکە گەیاند. 
 
لە هەمان کاتدا، گەیتس هۆشداری داوە کە پێویستە جیهان هەندێ یاسا دابنێت بۆ ئەوەی زیانەکانی تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد لەبەرچاوبگیرێن، بەڵام نەبنە هۆی ئەوەی کە سوودەکانی نادیدەبگیرێن.