کۆشکی سپی: کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان هەڵەی ترەمپ بوو

07-04-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کۆشکی سپی بۆ یەکەم جار لەدوای کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان راپۆرتێکی لەو بارەیەوە خستەڕوو و ئۆباڵی "کشانەوە تۆقێنەرەکە" دەخاتە ئەستۆی دۆناڵد ترەمپ و زانیاریی هەڵەی هەواڵگرییەوە. ترەمپیش دەڵێت: "هەمووی هەڵەی بایدنە." 
 
رۆژی پێنجشەممە 6ـی نیسانی 2023، کۆشكی سپی چەند بەڵگەنامەیەکی هەستیار و نهێنی لەبارەی کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە ئەفغانستان لە ئابی 2021دا، خستەڕوو، دواتر بۆ کۆنگرێس نێردرا کە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی زۆرینە کۆماری لێکۆڵینەوە لە "شکستی جۆ بایدن" لە کاتی کشانەوەکەدا دەکرێت. 
 
رۆژی 30ـی ئابی 2021، دوایین سەربازی ئەمریکا ئەفغانستانی جێهێشت. دوای ئەوەش بزووتنەوەی تاڵیبان جارێکی دیکە دەسەڵاتی وڵاتەکەی گرتەوە دەست. ئەوکات، جۆ بایدن هەشت مانگ بوو ببووە سەرۆکی ئەمریکا. 
 
هەڵەی هەواڵگری
 
لەکاتی راگەیاندنی کورتەیەک لە بەڵگەنامەکان، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دانی بەوەدا نا کە لەکاتی چۆڵکردنی ئەفغانستان "هەڵە روویداوە".  کێربی گوتی: "کۆتاییهێنانی جەنگ، هەر جەنگێک کارێکی ئاسان نییە. بەتایبەتیش لەدوای 20 ساڵ. ئەوەش مانای ئەوە نییە کە کۆتاییهێنانی ئەو جەنگە لە ئەفغانستان شایەنی ئەوە نەبووە بکرێت." 
 
کۆشکی سپی بەشێوەیەکی گشتیی لۆمەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکای کرد بەوەی کە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ئەودا، دۆخێکی هێناوەتە ئاراوە کە سەری ناوەتە کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان. 
 
هاوکات، دانی بەوەشدا نا کە دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا شکستی هێناوە لەوەی لە ئاستی "بەهێزی تاڵیبان و لاوازی هێزەکانی حکومەت تێبگات" لەکاتێکدا وڵاتانی رۆژئاوا دوو دەیەیان لە بەهێزکردنی سوپاکەدا خەرجکردبوو. کێربی گوتی: "بە راشکاوی، ئێمە لەبارەی هەواڵگرییەوە شتەکانمان نەپێکا."  
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا باس لەوە دەکات، لە کۆتاییدا هیچ شتێک رێڕەوی دەرچوونەکەی نەگۆڕی و "لە کۆتاییدا سەرۆک بایدن رەتیکردەوە نەوەیەکی دیکەی ئەمریکییەکان بنێرێت بۆ شەڕێک کە دەبوو زۆر لەمەوبەر بۆ ئەمریکا کۆتایی پێهاتبا." 
 
کشانەوەکە کە لە 30ی ئابی 2021 کۆتایی هات، ئەمریکییەکان و هاوپەیمانەکانی ئەمریکای تووشی شۆک کرد، کاتێک تاڵیبان لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا ئەو هێزانەی ئەفغانستانی راهێنراو لەلایەن رۆژئاواوە لە دەسەڵات لادا و دەسەڵاتی گرتەوە دەست. 
 
لە 26ی ئابدا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کابوول تەقینەوەیەکی خۆکوژی روویدا؛ 13 سەربازی ئەمریکی و 170 هاووڵاتیی ئەفغانی کوژران. ئەوەش لەکاتێکدا بوو کە لە ئۆپەراسیۆنێکی گواستنەوەی ئاسمانی بێ وێنەدا لە ماوەی چەند رۆژێکدا زیاتر لە 120 هەزار کەس لە وڵاتەکە برانە دەرەوە.
 
پێش ئەوەی سەربازانی ئەمریکا بتوانن ئاسایشی تەواوی فڕۆکەخانەکە کۆنتڕۆڵبکەن، جیهان دیمەنێکی "دڵتەزێنی" بەخۆیەوە بینی؛ ژمارەیەک هاووڵاتی خۆیان بە فڕۆکەکاندا هەڵواسی لەکاتێکدا دەفڕین و کەوتنە خوارەوە و گیانیان لەدەستدا.  
 
هەڵەی ترەمپ
 
لە راپۆرتەکەیدا، کۆشکی سپی ئۆباڵی هەڵەکان دەخاتە ئەستۆی رێککەوتنێکی شوباتی 2020ـی ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان و دەڵێت، ئەو رێککەوتنە حکومەتەکەی بایدنی خستووەتە دۆخێکی ئەستەمەوە.  
 
کۆشکی سپی دەڵێت: "ئیدارەی ترەمپ رێککەوتنی کشانەوەی بۆ ئیدارەی بایدن جێهێشتبوو، بەڵام هیچ پلانێکی بۆ جێبەجێکردنی کشانەوەکە دیارینەکردبوو. لەدوای چوار ساڵی بێباکی، سیستمی بنەڕەتی، نووسینگەکان و کاری ئاژانسەکان کە بۆ کشانەوەیەکی سەلامەت پێویست بوون، پەککەوتبوون." 
 
هاوکات، کۆشکی سپی دەشڵێت، ترەمپ لە 11 مانگی کۆتایی ئیدارەکەیدا بەشێوەیەکی بەردەوام ژمارەی سەربازەکانی ئەمریکای لە ئەفغانستان کەمکردبووەوە، بەجۆرێک لە کاتی دەستبەکاربوونی ئیدارەی بایدن لە کانوونی دووەمی 2021دا، تەنیا دوو هەزار و 500 سەربازی هێشتبوویەوە. 
 
لای خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ رۆژی پێنجشەممە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی کشانەوەی ئەمریکای لە ئەفغانستان بە "خۆ بەدەستەوەدان" ناوبرد و گوتی کە ئیدارەی ئێستای ئەمریکا لێی بەرپرسە. ترەمپ نووسی:" بایدن بەرپرسە، هیچ کەسێکی دیکە بەرپرس نییە." 
 
لە راپۆرتەکەیدا، کۆشکی سپی باس لەوە دەکات لە ماوەی 20 ساڵدا، ئەمریکا 2 ترلیۆن دۆلاری لە ئەفغانستان خەرجکردووە و 300 هەزار سەربازی پێگەیاندووە. بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، دەزگای هەواڵگرییەکەیان شکستیهێناوە لەوەی پێشبینی ئەوەیان نەکردبوو کە "بەو خێراییە سوپای ئەفغانستان هەرەس دێنێت" و تاڵیبان دەست بەسەر وڵاتدا دەگرێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساڵانە لە 10ی موحەڕەم زیارەتکارێکی زۆری شیعەمەزهەب لە سەرتاسەری جیهان سەردانی عێراق دەکەن و لە نەجەف و کەربەلا کۆدەبنەوە، ژمارەی زیارەتکارانی ئێرانی و پاکستانی پشکی شێریان بەردەکەوێت.

دەرفەتی کار لە عێراق بۆ پاکستانییەکان زیاتر دەبێت

بەغدا و ئیسلام ئاباد بەنیازن یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژۆ بکەن و رێکبکەون لەمەودوا دەرفەتی کاری زیاتر بۆ پاکستانییەکان لە عێراق بڕەخسێندرێت، ئەمەش وادەکات هاووڵاتییانی پاکستانی بە نایاسایی لە وڵاتەکە نەمێننەوە.