سوێد رەتیدەکاتەوە هاووڵاتییەکی رادەستی تورکیا بکاتەوە

07-04-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی سوێد رەتیدەکاتەوە کەسێک کە وڵاتینامەی سوێدیی هەیە و بە تۆمەتی تیرۆر لەلایەن ئەنقەرەوە داواکراوە، رادەستی تورکیا بکاتەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە رادەستکردنەوەی ئەو کەسانە پێشتر یەكێک بوو لە بەڵێنەکانی سوێد، کە بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ بە تورکیای دابوو. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 6ـی نیسانی 2023، میدیای سوێدی بڵاویکردەوە کە حکومەتی سوێد رەتیدەکاتەوە هاووڵاتییەکی کە لە پەنجاکانی تەمەنیدایە رادەستی تورکیا بکاتەوە. دەشڵێت، ئەو کەسە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بە تۆمەتی ئەندامبوون لە "رێکخراوی تیرۆریستی" لەلایەن تورکیاوە داواکراوە. ستۆکهۆڵم هۆکاری رادەستنەکردنەوەی بۆ هەبوونی وڵاتینامەی سوێدی دەگەڕێنێتەوە. 
 
تۆبیاس بیلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوێد له سەرەتای ئەم مانگه رایگەیاند، وەک ئەندامانی داهاتووی ناتۆ، سوێد و فینلاند پابەندن به پاڵپشتیکردنی تورکیا له بەرامبەر هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە. گوتیشی کە "ئەم بڕیارە هەمیشەییە و پووچەڵناکرێتەوە ئەگەر ببینە ئەندام." 
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، سوێد و فینلاند پاڵپشتییەکانیان بۆ یەپەگە، پەیەدە، پەکەکە و بزووتنەوەی گولەن دەوەستێنن و بەبێ دوو دڵی هەموو ئەو رێکخراوانەی هێرش دەکەنە سەر تورکیا "سەرکۆنە دەکەن." 
 
لەدوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە شوباتی پاردا، هەریەک لە سوێد و فینلاند رێچکەی چەند ساڵەی بێلایەنییان شکاند و لە مانگی ئایاری هەمان ساڵدا هەردوو وڵاتەکە بەشێوەیەکی فەرمیی داواکاریی ئەندامبوونیان پێشکێشکرد. 
 
رۆژی سێشەممە، 4ـی نیسانی 2023، لەدوای ئەوەی هەریەکە لە تورکیا و هەنگاریا رەزامەندییان لەسەر ئەندامبوونی دەربڕی، فینلاند بە فەرمی بووە 31ـەمین ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ. 
 
هەرچی داواکاریی ستۆکهۆڵمە، بەهۆی پێداگیریی تورکیا و هەنگاریاوە هەڵپەسێردراوە، بەڵام لە کۆتایی مانگی ئاداردا، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ جەختی لەوە کردەوە، هەموو هاوپەیمانان کۆکن لەسەر ئەوەی کە "ئەنجامێکی خێرای پرۆسەی پەسندکردنی سوێد لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدا دەبێت". گوتیشی کە "چاوم لەوەیە لە زووترین کاتدا وەکو ئەندامێکی تەواو، پێشوازی لە سوێدیش بکەین بۆ نێو خێزانی ناتۆ." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا

سۆشیاڵ دیموکرات ئۆلاف شۆڵتز بۆ راوێژکاری ئەڵمانیا بەربژێر دەکاتەوە

ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لەلایەن پارتەکەیەوە دووبارە بۆ هەمان پۆست بەربژێر کرایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە کێبڕکێی بەربژێربوون کشایەوە.