بەڕێوەبەری CIA سەردانێکی رانەگەیێندراوی بۆ سعودیە کردووە


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا بە سەردانێکی رانەگەیێندراو چووەتە سعودیە و لەگەڵ هاوتاکانی و سەرکردەکانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە بۆ ئەوەی جەخت لە هاوئاهەنگیی هەواڵگری بکات. ئەوەش لەکاتێکدایە کە سعودیە بە نێوەندگریی چین پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران نوێدەکاتەوە.
 
رۆڵی چین لە رێکخستنی رێککەوتنەکەدا لەلایەن هەندێک لە شارەزایانەوە وەک ئاماژەیەک بۆ کەمبوونەوەی هەژموونی ئەمریکا لەسەر سعودیە تەماشاکرا لەکاتێکدا گرژییەکانی نێوان واشنتن و ریاز لەسەر کۆمەڵێک پرس، لەوانە مافەکانی مرۆڤ و کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی سعودیە لە زیادبووندان.
 
بەرپرسێکی ئەمریکی، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکات بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە کە "ولیەم بێرنز سەردانی سعودیەی کردووە و لەوێ لەگەڵ هاوتا هەواڵگرییەکانی و سەرکردەکانی وڵاتەکە کۆبووەتەوە و گفتوگۆیان لەبارەی پرسی پەیوەندیی هاوبەش کردووە". هاوکات، بەڕێوەبەری CIA "پابەندیی ئێمەی بە هاوئاهەنگیی هەواڵگریی لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دووپاتکردووەتەوە." 
 
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاماژەی بەوە نەکردووە کە بەدیاریکراوی سەردانەکەی ولیام بێرنز کەی بووە. بەڵام بەگوێرەی واشنتن پۆست، سەردانەکە لە هەفتەی رابردوودا بووە.  
 
ئەمریکا و سعودیە بۆ دەیان ساڵە هاوئاهەنگییەکی نزیکیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بابەتە هەواڵگرییەکانی دیکەدا کردووە. 
 
سەردانەکەی بێرنز لەکاتێکدا راگەیێندرا کە وەزیری دەرەوەی سعودیە لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی لە پەکین کۆبووەوە، ئەوەش بووە یەکەمجار لە ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵدا دیپلۆماتکارە باڵاکانی هەردوو رکابەرە هەرێمییەکە کۆببنەوە.