یۆنان مافی مانەوە دەداتە ئەو کەسانەی کە موڵکێک لەو وڵاتە دەکڕن


رووداو دیجیتاڵ

یۆنان مافی مانەوە دەداتە ئەوانە کە موڵکێک لەو وڵاتە بکڕن یان وەبەرهێنان بکەن کە داوای مافی مانەوەی تێدا دەکەن. وڵاتانی دیکەی ئەوروپاش ئاسانکاری دەکەن بۆ ئەوانەی دەیانەوێ بۆ کار بێنە نێو یەکێتییەکە. 
 
رۆژ بە رۆژ وڵاتانی ئەوروپا رێوشوێنەکانی هاتنی یاسایی کۆچبەران ئاسانتر دەکەن. هەندێکیان بە پێدانی "ڤیزای زێڕین" و هەندێکی دیکەشیان بە پێدانی ڤیزا و مافی مانەوە بۆ خوێندن و کار. بەپێی داتاکانی وەزارەتی کۆچبەری و پەنابەرانی یۆنان؛ لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 1446 داواکاری بۆ وەرگرتنی "ڤیزای زێڕین" پێشکێشی ئەو وەزارەتە کراون. 
 
"ڤیزای زێڕین" دەدرێتە ئەو ماڵبات و کەسانەی لە یۆنان موڵکێک دەکڕن یان وەبەرهێنان دەکەن لە پڕۆژەیەکی ئابووریی گەورەدا. بڕی ئەو پارەیەی بۆ وەرگرتنی ڤیزایەکی لەو جۆرە پێویستە لەنێوان 250 هەزار تاوەکو 500 هەزار یۆرۆدایە. 
 
وەک لە داتاکانی ئەو وەزارەتەدا دەردەکەوێت، زۆر کەس لە تورکیا و باکووری کوردستانەوە داوای ئەو جۆرە ڤیزایەیان کردووە، بەڵام ناوی عێراقی و سووری و ئێرانی یان کوردی باشووری و رۆژئاوایی و رۆژهەڵاتی لەو داتایانەدا نییە. 
 
هەرچەندە بەپێی زانیارییەکانی دیاسپۆرا؛ ژمارەیەک سەرمایەدار و پارەداری باشووری کوردستانیش ڤیزای زێڕینی یۆنانیان وەرگرتووە. زۆر وڵاتی ئەوروپاش دەستیان بە جێبەجێکردنی پرۆگرامێک کردووە بۆ پێدانی مافی مانەوە بەوانەی دەتوانن کارێک بدۆزنەوە.