نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی گرژییەکانی فەلەستین و ئیسرائیل: داوای دانبەخۆداگرتن دەکەین

07-04-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
هێرشێکی مووشەکی لە لوبنانەوە بۆ سەر ئیسرائیل
هێرشێکی مووشەکی لە لوبنانەوە بۆ سەر ئیسرائیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئیسرائیل دەڵێت، رۆژی پێنجشەممە، 34 مووشەک لە باشووری لوبنانەوە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە فەلەستینەوە ئاڕاستەیان کراون. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 2006ـەوە ئەوە گەورەترین هێرشی مووشەکییە لە لوبنانەوە دەکرێتە سەر ئیسرائیل.
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، سیستمی بەرگری گومەزی ئاسنین 25 مووشەکی خستووەتە خوارەوە. بەڵام بەشێکیان بەر شارۆچکەکانی سەر سنوور کەوتوون و زیانی مادییان هەبووە.
 
شلۆمی نامان، زیانلێکەوتوویەکە و دەڵێت، "ئەوەی روویدا تەقینەوەی مووشەکێک بوو کە لە لوبنانەوە هاتبوو و زیانی بە نووسینگەکەم گەیاند. خەڵکی پێیان راگەیاندم کە شووشەی نووسینگەکەم هەموو شکاوە. ئێمە زۆر ترساوین. لە ساڵی 2006ـەوە لە ئاشتیدا دەژیاین." 
 
لەدوای ئەوە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەدا رایگەیاند، وەڵامی تووندیان بۆ  هێرشەکان دەبێت. 
 
بنیامێن نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باس لەوە دەکات، "واباشە دووژمنەکانمان تاقیمان نەکەنەوە. ئێمە گورز لە دووژمنەکانمان دەوەشێنین و ئەوان باجی ئەم کردەوە دووژمنکارییە دەدەن. ئێمە هیچ نیازێکی گۆڕینی ناسنامەی تێمپڵ ماونتمان [مزگەوتی ئەقسامان] نییە." 
 
مووشەکبارانکردنی ئیسرائیل رۆژێک لەدوای هەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا دێت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیلەوە. بەگوێرەی بەرپرسانی فەلەستین، 500 نوێژخوێنیان دەستبەسەرکردووە و 50 کەسیش بە گولـلەی پلاستیکی برینداربوون. ئەوەش کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە. 
 
ستێفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "بە لەبەرچاوگرتنی سەختیی دۆخەکە، داوای دانبەخۆداگرتن دەکەین و هانی لایەنەکان دەدەین خۆیان لە هەڵکشانی زیاتر بەدوور بگرن." 
 
ڤێدانت پاتێڵ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "ئێمە لەو دیمەنانەی لە ئۆرشەلیم دەبینرێن نیگەرانین. لای ئێمە پاراستنی شوێنە پیرۆزەکان زۆر گرنگە. هەر کارێکی تاکلایەنە کە دۆخەکە بخاتە مەترسییەوە قبووڵکراون نییە." 
 
مزگەوتی ئەقسا لەلایەن ئوردن بە هاوئاهەنگیی دەسەڵاتی فەلەستین بەڕێوەدەبرێت، بەڵام دەروازەکانی مزگەوتەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیلەوە کۆنتڕۆڵکراون کە بەردەوام بە بەهانەی داڵدەدانی گرووپە چەکدارەکان هێرشی دەکەنە سەر. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە