پارێزگاری حمس: ئامانج لەو هێرشە پاڵپشتیکردنی تیرۆریستانە

رووداو- هەولێر

هێرشە مووشەکییەکەی ئەمریکا بۆ سەر بنکەی سەربازیی شوعەیراتی حمس ، کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە. تەڵاڵ بەرازی، پارێزگاری حمس سەرکۆنەی ‌‌هێرشەکەی کرد و رایگەیاند، ئامانج لەو هێرشە پاڵپشتیکردنی "تیرۆریستەکانە". 


بەرازی ئاماژە بەوەشکرد لە ئەنجامی هێرشەکە ئاگرێکی گەورە لە فڕۆکەخانەکە کەوتووەتەوە، کە بۆ ماوەی دوو کاژێر بەردەوام بووە. 

لەلایەن خۆیانەوە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا پشتگیریان لە هەنگاوەکەی ئەمریکا کرد. فەرماندەیەکی باڵای ئۆپۆزیسیۆن لە پارێزگای حەما ئومێدی خواست هێرشەکەی سوپای ئەمریکا ببێتە خاڵی وەرچەرخان لەو شەڕەی زیاتر لە 6 ساڵە سووریای گرتووەتەوە. 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 7-4-2017 ئەمریکا لە رێی دەیان مووشەکی تۆماهۆکەوە بنکەی سەربازیی شوعەیراتی لە پارێزگای حمس بۆردومانکرد و دۆناڵد ترەمپیش رایگەیاند، ئەو هێرشە لە بەرامبەر هێرشە کیمیاییەکەی رۆژی سێشەممەی رابردووی خان شیخۆندا بووە. 

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان