مانگی رابردوو گەرمترین شوباتی نێو مێژووی تۆمارکراوی گەرما بووە
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی کۆپەرنیکوس دەڵێت، مانگی رابردوو، گەرمترین شوبات بووە لە مێژووی تۆمارکراوی گەرمادا.
ئاژانسی کەشوهەوای ئەوروپا- کۆپەرنیکوس ئاماژەی بەوە کردووە، لە ساڵی 1850وە، هیچ مانگێکی دیکەی شوبات نەبووە هێندە گەرم بێت.
بەگوێرەی ئەو ئاژانسە، مانگی رابردوو، لەسەر ئاستی جیهان، تێکڕای تینی گەرما 1.77 پلەی سیلیزی لە سەرووی تێکڕای پلەی گەرمای مانگی شوباتی ساڵانی 1850 بۆ 1900 بووە.
ئاژانسەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە راپۆرتی خۆی لەمبارەوە بڵاوکردەوە. هەروەها دەڵێت، "لە شوباتی 2024دا، تێکڕای پلەی گەرما 13.54 پلەی سیلیزی بوو کە 0.81 پلەی سیلیزی لە سەروو تێکڕای هەمان مانگ بوو لە ساڵی 1991 بۆ ساڵی 2020 و 0.12 پلەی سیلیزی لەسەروو تێکڕای پلەی گەرمای شوباتی 2016 بوو کە پێشتر گەرمترین مانگی شوبات بوو".
بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی ئاژانسەکە، لە شوباتی ئەم ساڵدا تێکڕای پلەی گەرما لە وڵاتانی ئەوروپا 3.3 پلەی سیلیزی لەسەروو تێکڕای پلەی گەرمای هەمان مانگ بووە بۆ ساڵانی 1991 تاوەکو 2020؛ هەروەها پلەی گەرما لە ناوچەکانی سیبیریا، نێوەڕاست و رۆژئاوای ئەمریکای باکوور، کیشوەری ئەفریقا و رۆژئاوای ئوسترالیا لەسەروو تێکڕاوە بووە.
کۆپەرنیکوس هاوکات حوزەیرانی رابردوو تاوەکو شوباتی ئەم ساڵی وەکو گەرمترین نۆ مانگی یەک لەدوای یەک لە مێژووی تۆمارکراوی گەرمادا هەژمارکردووە.
پلەی گەرمای رووی دەریا و زەریاکان
بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەی ئاژانسی کۆپەرنیکوس تایبەتە بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای رووی دەریاکان لە شوباتی ئەم ساڵدا.
ئاژانسەکە دەڵێت، مانگی رابردوو تێکڕای تینی گەرمای رووی دەریاکان 21.6 پلەی سیلیزی بوو کە ئەوە بەرزترینە لەو کاتەوەی پلەی گەرمای رووی دەریاکان تۆمار دەکرێت؛ ریکۆردی پێشوو لە ئابی 2023 تۆمارکرا کە تێیدا گەرمای رووی دەریاکان گەیشتە 20.98 پلەی سیلیزی.
هەروەها بەرزترین پلەی گەرمای رووی دەریاکان کە تۆمارکرا لە مانگی رابردوودا 21.09 پلەی سیلیزی بوو.
گەرمترین زستان
بەگوێرەی ئاژانسی کۆپەرنیکوس، زستانی ئەم ساڵ لە نیوەگۆی باکووری زەوی گەرمترین بووە لەو کاتەوەی پلەی گەرما تۆمار دەکرێت؛ بەرزبوونەوەکە بە جۆرێک بووە کە تێکڕای پلەی گەرما لەو سێ مانگەدا 0.78 پلەی سیلیزی لەسەرووی تێکڕای پلەی گەرمای هەمان مانگەکانی ساڵانی 1991 بۆ 2020 بووە.
دووەم گەرمترین زستان بریتی بووە لە زستانی ساڵی 2019-2020 کە تێیدا تێکڕای پلەی گەرما 1.44 پلەی سیلیزی لەسەرووی تێکڕای پلەی گەرمای ساڵانی 1991 بۆ 2020 بوو.
ئاژانسی کۆپەرنیکوس باس لەوە دەکات، لە شوباتی ئەم ساڵدا قەبارەی بەستەڵەکی باکووری گۆی زەوی بە رێژەی 28٪ کەمیکردووە، ئەوەش بەراورد بە قەبارەی بەستەڵەکەکە لە هەشتاکان و نەوەتەکانی سەدەی رابردوودا.
کارلۆ بوینتێمپۆ، بەڕێوەبەری ئاژانسی کۆپەرنیکوس هۆشداری دەدات و دەڵێت، پێویستە کاری پێویست بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بکرێت و دەڵێت، "مانگی شوبات یەکێکی دیکەیە لەو زنجیرە مانگانەی رابردوو کە ژمارەی پێوانەییان تێدا تۆمارکرا؛ ئەمە جێگەی سەرسوڕمان نییە، چونکە گەرمبوونی جیهان و کەشوهەوا دەبێتە هۆی دروستبوونی پلەی گەرمای ناسرووشتی".
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوەی بەسەر کەشوهەوادا هاتووە وەڵامدانەوەی راستەقینەی چڕی گازە گەرمکەرەکانە کە لە بەرگەهەوادان؛ ئەگەر زیادبوونیان رانەگرین، رووبەڕووی ژمارەی پێوانەیی پلەی گەرما دەبینەوە".