ئەمڕۆ سوێد بە فەرمی دەبێتە ئەندامی ناتۆ

رووداو دیجیتاڵ
 
کۆشکی سپی دەڵێت، دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکوەزیرانی سوێد و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سوێد بە فەرمی دەبێتە 32ـەمین ئەندامی هاوپەیمانێتییە سەربازییەکە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 7ی ئاداری 2024، کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، "سوێد وڵاتێکی دیموکراسییە و توانایەکی بەهێزی سەربازی هەیە. ئەو بەهایانەی بۆ جیهان هەمانن ئەو وڵاتەش پەیڕەویان دەکات." 
 
بڕیارە ئەمڕۆ کاژێر 17:15 بە کاتی سوێد (19:15 بە کاتی هەولێر) ئولف کریستێرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن دی سی کۆببنەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکوەزیرانی سوێد بەڵگەنامەی پێویست بۆ بەئەندامبوونی وڵاتەکەی پێشکێشی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەکات؛ بەو جۆرەش سوێد بە فەرمی دەبێتە 32ەمین ئەندامی هاوپەیمانێتیە سەربازییەکە. 
 
بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتووش لە برۆکسل لە بارەگای فەرمیی ناتۆ ئاڵای سوێد هەڵبکرێت. 
 
بەئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ
 
18ی ئایاری 2022 حکومەتەکانی سوێد و فینلاند داوایەکیان بۆ بەئەندامبوونی وڵاتەکانیان لە ناتۆ پێشکێش کرد. 1ی نیسانی رابردوو، فینلاند بووە ئەندامی ناتۆ، بەڵام بەهۆی ناڕازیبوونی تورکیا و هەنگاریا پەسندکردنی سوێد دواکەوت. 
 
26ی شوباتی ئەم ساڵ، بە 88 دەنگی "بەڵێ" و 6 دەنگی "نەخێر"، پەرلەمانی هەنگاریا ئەندامێتیی سوێدی پەسند کرد و بەو جۆرەش هەموو ئاستەنگەکانی بەردەم ئەندامێتیی سوێد لابران.
 
پەسەندکردنی ئەندامێتیی سوێد دوای سەردانەکەی کریستێرسۆن، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە هات بۆ بوداپێست و کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا.
 
هۆکاری درەنگ پەسندکردنی ئەندامێتیی سوێد لە لایەن هەنگاریاوە بۆ ئەوە گەڕایەوە کە بەرپرسانی بوداپێست مامەڵەی بەرپرسانی سوێدیان بەدڵ نەبوو. 
 
لە ماوەی رابردوودا، حکومەتی سوێد رەخنەی لە دەسەڵاتی ئۆربان گرتبوو و بە پێشێلکردنی بنەما دیموکراسییەکان و سنووردارکردنی بنەماکانی ئازادیی رادەربڕین تۆمەتباری کردبوو. 
 
23ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵیش، پەرلەمانی تورکیا داوای سوێدی بۆ بە ئەندامبوون لە ناتۆ پەسند کرد.
 
ستۆکۆڵم رووبەڕووی چەند مەرج و داواکارییەکی ئەنقەرە ببووەوە بۆ ئەوەی بەئەندامبوونی لە ناتۆ پەسند بکات، لەوانەش رێگریکردن لە چالاکیی ئەو گرووپ و پارتانەی ئەنقەرە بە تیرۆریست ناویان دەهێنێت، وەک بزووتنەوەی خزمەتی فەتحوڵڵا گیولەن و پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە. 
 
هاوپەیمانیی ناتۆ چییە؟
 
ناتۆ لە ساڵی 1949 لەلایەن 12 وڵاتەوە دامەزرا، بەڵام ئێستا ژمارەی ئەندامەکانی بۆ 31 وڵات زیادبوون، لەنێویاندا هەندێک وڵاتی رۆژهەڵاتی ئەوروپا هەن. ئەو زیادبوونەش جێگەی نیگەرانیی رووسیایە.
 
ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و کەنەدا لەنێو ئەو وڵاتانەدا بوون کە سەرەتا هاوپەیمانێتییەکەیان دامەزراند.
 
بڕگەی 5ی ئەو رێککەوتنەی بووەتە بنەمای دامەزراندنی ناتۆ دەڵێت، هێرشکردنە سەر هەر ئەندامێکی هاوپەیمانێتییەکە بریتییە لە هێرشکردنە سەر هەموو ئەندامەکان.