رووداو دیجیتاڵ
لە ئیسپانیا کۆمپانیایەک "گۆشتی رووەکی" لە بەرهەمە رووەکییەکان دروستدەکات، کە لەرووی تام و شێوەوە زۆر لە گۆشتی راستەقینە دەچێت. رێستۆرانتەکان پێشوازی لەو جۆرە گۆشتە دەکەن و کۆمپانیاکەش بەنیازە بەرهەمهێنان زیاتر بکات و بینێرێتە مارکێتەکانیش.
لەفەی تایبەت لە رێستۆرانتی کڵاب هاوس لە بارسێلۆنا بە نانی مەکسیکییەوە دروستدەکرێت، جیاوازییەکەی لە لەفەی مریشکی ئاسایی ئەوەیە؛ گۆشتەکەی گۆشتی مریشکی راستەقینە نییە، بەڵکو گۆشتێکە لەلایەن کۆمپانیای نۆڤا میتی ئسیپانی لە بەرهەمە رووەکییەکان دروستکراوە.
جۆزێپ سیۆنتی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە دەڵێ "زۆربەی کۆمپانیاکان کە لەم بوارە کاردەکەن وەک کۆمپانیای بیۆند میت و کۆمپانیای ئیمپاسیبڵ فوودز، ئەو تەکنۆلۆژیایە بەکاردەهێنن کە ناسراوە لەم پیشەسازییەدا. ئەوەی گرنگە شێوازی نوێیە، دەبێت ئەو جۆرە بەرهەمە نەک تەنیا بۆ ئەو کەسانە دروستبکرێت کە حەزیان لە خواردنی رووەکییە، بەڵکو هێندە فراوان بکرێت، بەکارهێنەری ئاساییش کە خوازیاری تامی راستەقینەی ستەیکی گۆشت و مریشک بکات، بتوانێت ئەم بەرهەمانە لە مارکێتەکان بکڕێت".
نۆڤا تێک، بەرهەمی نۆک بەکاردەهێنێت و لەرێگەی پرینتەری سێ رەهەندییەوە (3D) و پرۆسەیەکی ئاڵۆزی پیشەسازی و تەکنۆلۆژییەوە، دەیکاتە ستەیکی مریشکی رووەکی. ئامانجیانە ئەو گۆشتە رووەکییە هێندە بەرهەمبهێنن، کە بەشی رێستۆرانتەکان بکات و بینێرنە سوپەرمارکێتەکانیش.
جویل بەڤین، خاوەنی رێستۆرانتی کڵاوب هاوس دەڵێ "لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا ئێمە بەرهەمی نۆڤا میتمان بەکارهێناوە و خواست لەسەری زۆر بووە، بەتایبەتی لەلایەن ئەو رووەکخۆرانەی حەزیان لە بەرهەمێکە تامی راستەقینەی گۆشت بدات. بەرهەمی ئەو کۆمپانیایە لەرووی روواڵەت و پێکهاتەوە زۆر لە بەرهەمی راستەقینە دەچێت، کە بەرهەمی کۆمپانیاکانی دیکە ئەو تایبەتمەندییەیان نییە".
بەپێی کۆمپانیای راوێژکاریی پیچ بووک، کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆجیای گۆشتی رووەکی زۆر بەخێرایی پێشدەکەون و گۆشتێک بەرهەمدەهێنن کە لەرووی تام و رەنگ و بۆنەوە زۆر لە گۆشتی راستەقینە نزیکە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی قەبارەی ئەو پیشەسازییە بۆ نزیکەی 8 ملیار دۆلار بەرزببێتەوە لە ساڵی 2022ـدا و پێشبینیش دەکرێت تاوەکو ساڵی 2027، بگاتە نزیکەی 16 ملیار دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ