دادگەی فیدراڵیی واشنتن دی سی: ترەمپ مافی پارێزبەندیی نییە

رووداو دیجیتاڵ

هەر سێ دادوەری دادگەی فیدراڵیی واشنتن دی سیی ئەمریکا لەو باوەڕەدان ترەمپ مافی پارێزبەندیی نییە لەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون، کاتێك کە لە پۆستی سەرۆکی ئەمریکادا بووە؛ بۆیە بە "نەخێر" وەڵامی داواکەی تیمی پارێزەرانی ترەمپیان دایەوە.
 
ئێرک تەکەر، شرۆڤەکار لەمبارەیەوە دەڵێ "لە ژێر رۆشنایی ئەو بۆچوونە؛ چاوەڕێ دەکەین تیمەکەی ترەمپ سکاڵاکەی بباتە بەردەم دادگەی باڵای ئەمریکا، ئەوەش لەوانەیە چەند هەفتە و مانگێک بخایێنێت تاوەکو بڕیاری لەسەر دەدرێت." 
 
ترەمپ بە هاندانی لایەنگرانی بۆ هێرشکردنە سەر کۆنگرێس بەمەبەستی تێکدانی پرۆسەی دەستنیشانکردنی بایدن بە سەرۆکی ئەمریکا تۆمەتبارە، کە لە هەڵبژاردنی 2020ـدا لەبەرامبەری دۆڕابوو.
 
تیمەکەی ترەمپ لە هەوڵدایە بۆ دواخستنی وادەی دادگەکان تاوەکو دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، کە لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، بە هیوای ئەوەی ئەو کاتە پارێزبەندیی سەرۆکایەتی وەرگرێت و، هەموو سکاڵاکانی دژی هەڵبوەشێندرێنەوە؛ ئەمەش هەوڵێکە، دادوەران هەوڵی پووچەڵکردنەوەی دەدەن.
 
جاک سمیس، راوێژکاری دادگایی دەڵێ "لەم بارودۆخەدا، نووسینگەکەم هەوڵدەدات بەخێرایی بەڵگەکان کۆبکاتەوە و، دەست بە لێکۆڵینەوە یاساییەکان بکات و لە زووترین کاتدا سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دادگایی بکات."
 
لیژنەی دادوەرانی دادگەی واشنتن دی سی دەڵێن؛ ناکرێت سەرۆکانی پێشووی وڵات لەژێر چەتری پارێزبەندیدا بمێننەوە و لەسەرەوەی یاسا دابنرێن.
 
ترەمپ لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە؛ ئەوەی لەدژیدایە "تەنیا هەوڵێكی سیاسی قێزەونی دیموکراتەکانە."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەڵێ "دەمەوێت سوپاسی هەمووتان بکەم و پێشتان بڵێم کە ئێمە ئەمڕۆ چ رۆژێكی قورسمان تێپەڕاندووە و ئەوان چ شتێكیان لە بەرامبەر ئێمەدا کردووە؛ هەموو بانگەشەکانیان تەنیا هەوڵێكی قێزەونی دیموکراتەکانە بۆ وەستاندنمان لەو هەڵبژاردنەی بە دڵنیاییەوە تێیدا براوە دەبین."
 
ترەمپ لە پێشەنگە بۆ بوون بە تاکە بەربژێری کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، ئەو براوەی هەڵبژاردنی بەرایی لە ویلایەتەکانی ئایۆوا و نیوهامشایرە، سەرەڕای بەڵێنەکانی نیکی هەیلی، بەربژێری کۆماری بە بردنەوە، راپرسییەکان ترەمپ بە براوەی بێ رکابەری ویلایەتی نیڤاداش دادەنێن.