پارتی فەرمانڕەوای هەنگاریا کۆبوونەوەی پەرلەمانی لەبارەی پەسندکردنی ئەندامیێتیی سوێد لە ناتۆ بایکۆت کرد

رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانی هەنگاریا تاکە سەکۆی دیموکراسییە کە ماوەتەوە چارەنووسی ئەندامیێتیی سوێد لە ناتۆ دیاری بکات. لە دوا دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر ئەندامیێتییەکەی، پارتەکەی ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریای خاوەن زۆرینە و نزیک لە رووسیا، بایکۆتی دانیشتنەکەی کرد.
 
ئیستڤان هیلەر لە پارتی سۆشیال کە پارێکی ئۆپۆزسیۆنە دەڵێ "کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان کە تایبەت بوو بە دەنگدان لەسەر ئەندامیێتیی سوێد لە ناتۆ، لەسەر داوای سەرۆکوەزیران بوو؛ کەچی پارتەکەشی بایکۆتی دانیشتنەکەی کرد."
 
لە ساڵی 2010ـەوە پارتی فیدسێزی توندڕۆ و کەی دی ئێن پی هاوپەیمانی، کە ئەویش راستڕۆیە، براوەی زۆرینەی رەهای کورسییەکانی دوایین چوار خولی پەرلەمان بوون؛ ئۆربان دەڵێت، سوێد رەخنە لە سیستمی بەڕێوەبردنی هەنگاریا دەگرێت و بە نادیموکراسی ناوی دەبات و داوای لە سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کردووە سەردانی بۆداپێست بکات و تاوتوێی مژارەکە بکەن. 
 
تۆبیاس بیلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوێد دەڵێ "ئەندامیێتیی سوێد لە ناتۆ هێشتا رەزامەندیی هەنگاریای پێویستە؛ حکومەتەکەی ڤیکتۆر ئۆربان داوای لە سەرۆکوەزیرانی سوێد کردووە سەردانی بکات، بەڵام وەڵامەکەی ئێمە روونە، سەردانی سەرۆکوەزیرانمان بۆ ئەو وڵاتە تەنیا لە دوای پەسندکردنی ئەندامیێتیمان دێت لە پەرلەمانی هەنگاریا."
 
یەکێتیی ئەوروپا 12 ملیار یۆرۆ لە پارەی هەنگاریای بلۆک کردووە و ئازادکردنی بەئەنجامدانی چاکسازی لە چەند ئەسکەلەیەکی حکومەت بەستووەتەوە.
 
هاوشێوەی تورکیا، کە کارتی ئەندامیێتی سوێدی بە کڕینی فڕۆکەی ئێف 16ـی ئەمریکا بەستەوە و لەو هەنگاوەدا سەرکەوتوو بوو، هەنگاریاش چاوی لە جووڵەیەکی لەو جۆرەیە؛ هەرچەندە ئەگەری هەیە ئۆربانی نزیک لە پووتین، بە ئاسانی نەیەوێت لە هەژموونی پیاوە بەهێزەکەی کریملین؛ دەربچێت.