جۆزێپ بۆرێل: 140 هەزار سەربازی رووسیا بۆ چا خواردنەوە لەسەر سنووری ئۆکراینا نین

08-02-2022
لهۆن نەسرەدین
نیشانەکردن ئۆکراینا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت: "لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی ساردەوە، ئەوروپا لە مەترسیدارترین ساتەوەختەکانی ئاسایشیدا دەژیت".
 
لە کۆنفڕانسێكی رۆژنامەڤانی هاوبەشیدا لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند: "من لەگەڵ نیگەرانییە قووڵەکانی ئەمریکا سەبارەت بە ئەگەری هێرشکردنی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دام. لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی ساردەوە هێندەی ئێستا ئاسایشی ئەوروپا لەژێر مەترسیدا نەبووە".
 
سەبارەت بە کۆکردنەوەی هێزەکانی رووسیا لەسەر سنووری ئۆکراینا، بۆرێل گوتی: "هیچ کەس نییە زیاتر لە 140 هەزار سەرباز لەسەر سنووری وڵاتێک کۆبکاتەوە و دواتر بێت و بڵێت ئەو هێزانە هیچ هەڕەشە و مەترسییەک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ دروست ناکەن، ئەو 140 هەزار سەربازەی کە رووسیا کۆی کردوونەتەوە، بۆ چا خواردنەوە نەچوونەتە ئەوێ".
 
هاوکات، ئەنتۆنی بلینکن رەتیکردەوە ئەو هۆشدارییانەی ئەمریکا لەبارەی رووسیا دەیاندات، لەسەر هیچ بنەمایەکدا نەبن و گوتی: "هیچ هۆشدارییەکمان لەسەر بنەمای نادروستدا نەبووە، بەڵکو سەرجەمیان بنەمایەکی راستەقینەیان هەیە".
 
سەبارەت بە ئەگەری هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینادا، بلینکن گوتی: "پێمانوانییە پوتین بڕیاری دابێت هێرش بکاتە سەر ئۆکراینا، بەڵام  ئەو سەرجەم ئامرازە پێویستەکانی بۆ  هێرشێکی لەو جۆرە ئامادە کردووە. ئەگەر ئەو هێرشەی کرد، ئەوا دەرهاویشتەی کارەساتباری بۆ سەر ئۆکراینا، رووسیا و ئێمەش دەبێت".
 
هەرچەندە بۆرێل و بلینکن لە بارودۆخی ئۆکراینا نیگەرانن، بەڵام هاوکات هەردوولا جەختیان لە گرنگی دیپلۆماسییەت کردەوە، وەک رێگەچارەیەک بۆ قەیرانەکە و رایانگەیاند: "سەرباری هەموو مەترسییەکان، هێشتا دەرفەتی چارەسەری سیاسی هەیە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و مارک رووتە، سکرتێری ناتۆ

ترەمپ و سکرتێری ناتۆ لەبارەی "دۆخی ئاسایشی جیهان" کۆدەبنەوە

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و سکرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ لە کۆشکەکەی ترەمپ لە ویلایەتی فلۆریدا کۆبوونەوە و پرسی هەڕەشەکانیان بۆ سەر ئاسایشی جیهان تاوتوێ کرد