بەریتانیا دەیەوێت تاوەکو 2050 دەردانی گازە ژەهراوییەکان بگەیێنێتە سفر


رووداو دیجیتاڵ

بۆ پاراستنی ژینگە، بەریتانیا پەنای بۆ تۆربایینەکانی وزەی با بردووە، کۆمپانیای سیمینسی ئەڵمانی بە هاوبەشی لەگەڵ گامێزای ئیسپانی لە بەریتانیا دوایین تۆرباینی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لەڕێگەی باوە بەرهەم دەهێنن.
 
کارل جاکسۆن، ئەندازیاری تەکنەلۆجیای وزەی بایە و دەڵێت، "هەستێكی ئەرێنیم هەیە لەبارەی ئەو کاریگەرییەی کە لەسەر ژینگەی ناوچەکە هەیەتی. ئێمە کار لەسەر ئەوە دەکەین ژینگەیەکی پاک پێشکێشی هەمووان بکەین. رۆیشتن بەرەو بەکارهێنانی وزەی با لەسەر ئاستی بەریتانیا گۆڕانکاری گەورە لە داهاتووی ژینگەمان دەکات و گازە ژەهراوییەکان لە بەریتانیا کەمتر دەردرێن و هیوادارم لە ئەوروپاش کەم ببنەوە."
 
بەریتانیا بەنیازە تاوەکو ساڵی 2050، دەردانی گازە ژەهراوییە گەرمکەرەکانی بگەیێنێتە سفر، بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش پەنای بۆ تۆربایینەکانی وزەی با بردووە، بۆیە رێگەی داوە بە کۆمپانیای سیمینس-گامێزای ئەڵمانی و ئیسپانی لە نێو بەریتانیا وەبەرهێنان بکات. کۆمپانیای سیمینس-گامێزای، یەکێکە لە گەورە کۆمپانیا هاوبەشەکانی بەرهەمهێنانی تۆربایینەکانی با لە جیهان و داهێنانی گەورەشیان لەو بوارەدا کردووە.
 
ئەندی سایکس، بەڕێوەبەری بەشی وزە لە کۆمپانیای سیمینز گوتی، "ئەم کارگەیە کاریگەری گەورەی کردووەتە سەر ناوچەکە، 7 ساڵە دامەزراوە و زیاتر لە هەزار هەلیکاری رەخساندووە. لە ئێستاوە تاوەکو یەک ساڵی دیکە، درێژیی پەروانەی تۆربایینەکان دەگەیێنینە 100 مەتر؛ جیاوازییەکی گەورەش لە کارەبای بەرهەمهێندراو دەبێت. ئێستا کە تۆرباینێک بۆ 24 کاژێر کارەبای ماڵێک بدات، ئەو کاتە کارەبای سێ رۆژی ماڵێک دابیندەکات."
 
مارتین بێرد، بەڕێوەبەری بەشی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا باس لەوە دەکات، "مانەوەی شارەکانمان پشت بە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دەبەستێت، هەموومان لە بەردەم کێشەی لافاو، بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا، رووبارەکان، ئاگرکەوتنەوە و چەندین قەیرانی دیکەداین، بە پاڵپشتیکردنی ئەم پیشەسازییانە، دەتوانین رووبەڕووی گۆڕانی کەشوهەوا ببینەوە."
 
کۆمپانیای سیمینس-گامێزای، چاوی لەوەیە تاوەکو ساڵی 2023، زیاتر لە 30 گیگاوات کارەبا لەڕێگەی باوە بەرهەمبهێنێت. هەر لە ئێستاشەوە بە بەهای سەرووی 11 ملیار دۆلار داواکاری بیانی لەسەر تۆرباینەکانی هەیە..