پاپا فرانسیس: ژیانم لە ژیانی کەسێکی ئاسایی جیاواز نییە

07-02-2022
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
دوو منداڵ باوەشیان بە پاپا فرانسیسدا کردووە. وێنە: AFP
دوو منداڵ باوەشیان بە پاپا فرانسیسدا کردووە. وێنە: AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای 9 ساڵ لە کاری جیددی و بڵاوکردنەوەی پەیامی ئاسمانی، پاپای ڤاتیکان هەندێک زانیاریی نەبیستراو لەبارەی کەسایەتیی خۆی ئاشکرا دەکات.
 
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لە هەڤپەیڤینێکدا دەڵێت، هیچ جیاوازییەک نییە لەنێوان خۆی و هەر مرۆڤێکی ئاساییدا، ئەوە نەبێت ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتیی زیاتری لەسەر شانە.
 
پاپای ڤاتیکان دەڵێت، "هاوڕێم هەن یارمەتیم دەدەن؛ هاوشێوەی کەسێکی ئاسایی دەژیم. هەندێک حاڵەتی ناشازم هەن، بەڵام وەکو هەر کەسێکی دیکە هاوڕێم هەن و حەز دەکەم لەگەڵ هاوڕێکانم بم، شتی خۆمیان پێ بڵێم، گوێیان بۆ بگرم. پێویستم بە هاوڕێیە. هەربۆیە بڕیارمداوە لە شوقەی تایبەت بە پاپا نەژیم، چونکە پاپاکانی پێش من قەشە بوون، بەڵام وەکو ئەوان ناکەم؛ پێویستم بە دۆستایەتی مرۆڤە. لە هۆتێلی سانتا مارتا دەمێنمەوە، لەوێ خەڵک هەن و قسە لەگەڵ دۆستانت دەکەیت. ئەم ژیانە بۆ من ئاسانترە. هێز و توانای ژیانی دیکەم نییە. هاوڕێیان هێزم پێدەدەن. پێویستم بە هاوڕێیە، ژمارەیان کەمە، بەڵام راستگۆن".
 
پاپا فرانسیس لە بوێنس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین لەدایکبووە، هەرچەند زۆربەی تەمەنی لە ئیتاڵیا بەڕێکردووە، بەڵام خۆشەویستی زێدی باپیران و تەنانەت نەریتە میلییەکانیشی بیرنەچووەتەوە، دەڵێت "کەسێک لە بوێنس ئایرس سەمای تانگۆ نەکات، خەڵکی بوێنۆس ئایرس نییە".
 
پاپا فرانسیس لە زۆر بۆنە و گوتاری هەفتانەیدا بەرگری لە کۆچبەران دەکات و دژی بەقاچاخبردنیان وەستاوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، "ئەوەی بەسەر کۆچبەران دێت تاوانە. لە دەریادا ئازاری زۆر دەچێژن. گرتەی ڤیدیۆیی قاچاخچیان هەن و زۆریشن. ئەو خەڵکەی هەڵدێن، ئازاری زۆر بەدەست قاچاخچییەکانەوە دەچێژن".
 
پاپا فرانسیس تەنانەت دەستکەوت و نازناوەکانی تەمەنیشی جیاوازن، یەکەم پاپایە خەڵکی کیشوەری ئەمریکا بێت، یەکەمین پاپاشە لە دەرەوەی ئەوروپا لەدوای گریگۆری سێیەم کە سووری بوو، لە سەدەی هەشتەمدا دەسەڵاتی کەنیسەی کاسۆلیکی بەدەستەوە بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە