رووداو دیجیتاڵ
ژان ماری لوپێن، دامەزرێنەری پارتی بەرەی نیشتمانیی فەرەنسا، ئەمڕۆ سێشەممە لە تەمەنی 96 ساڵی کۆچی دواییکرد.
خێزانی ماری لوپێن ئەمڕۆ سێشەممە، 07-01-2025 رایانگەیاند، "دوای ئەوەی لوپێن بۆ چەند هەفتەیەک لەژێر چاودێریی دا بوو، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەنێو خێزانەکەی کۆچی دواییکرد."
دوای گیان لەدەستدانی لوپێن، سەرکردەکانی فەرەنسا، بە راستڕۆ، چەپڕۆ و میانڕۆکانەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆیان بە گەلی فەرەنسا گەیاند و ستایشی رۆڵی چەند دەیەی لو پێنیان کرد.
سەرۆکایەتیی فەرەنسا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "مێژوو بڕیار لە رۆڵی لوپێن لە سیاسەتی فەرەنسا دەدات."
فرانکۆسیس بایرۆ، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا لەبارەی لوپێنەوە گوتی، "لوپێن کەسایەتییەکی دیاری سیاسەتی فەرەنسا بوو، کاتێک لە بەرامبەری دەوەستاینەوە دەمانزانی چ جەنگاوەرێکە."
ژان ماری لوپێن کێیە؟
لوپێن لە 20ـی 6ـی 1928 لە فەرەنسا لە دایکبووە.
لوپێن لە ساڵی 1972 پارتی بەرەی نیشتمانیی دامەزراند.
لە فەرەنسا بە "دژە کۆچبەر و بێگانە" ناسرا بوو.
چوار جار لە ساڵانی 1974، 1988، 1995 و 2007 خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی فەرەنسا پاڵاوتووە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە.
ماری لوپێن، تاوەکو ساڵی 2011 سەرۆکی پارتی بەرەی نیشتمانیی بوو. دواتر کچەکەی شوێنیگرتەوە و بووە سەرۆکی پارتەکە.
لە ساڵی 2011 تاوەکو 2015، سەرۆکی فەخری پارتی بەرەی نیشتمانی بوو.
لوپێن لە 22 ئاداری 2018 چووە نێو هاوپەیمانێتیی ئاشتی و ئازادی و لە ساڵی 2021 پشتیوانی لە ئیریک زامۆر کرد بۆ پۆستیی سەرۆکی پارتی بەرەی نیشتمانیی لە دژی کچەکەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ