رووداو دیجیتاڵ
رەخنەی سەرکردەکانی ئەورووپا و ئێڵۆن مەسک بەرامبەر یەک چڕبوونەتەوە. مەسک رەخنە لە سیاسەتی سەرکردەکانی ئەورووپا دەگرێت و دەپرسێت، "ئایا دەکرێت ئەوەی بەسەر ئێزدییەکاندا هات، رۆژێک بەسەر ئەورووپاشدا بێت؟"
رۆژی سێشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2024، ئیلۆن مەسک، بەربژێری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بۆ بەرپرسی فەرمانگەی توانستی حکومەت لە وەڵامی نووسینێکی ژیریی دەستکردی (گرۆک) لەبارەی "دەستدرێژی و تووندوتیژییەکان"ـی داعش بۆ سەر ئێزدییەکان لە ساڵانی رابردوو دەپرسێت: "ئایا دەکرێت ئەوەی بەسەر ئێزدییەکاندا هات، رۆژێک بەسەر ئەورووپاشدا بێت؟"
ژیریی دەستکردی گرۆک، لەلایەن کۆمپانیای ئێکسی تایبەت بە مەسک دامەزراوە و پەرەی پێدراوە.
گوتەکانی مەسک دوای ئەوە هاتن رەخنەکانی ئەو و سەرکردەکانی وڵاتانی ئەورووپا بەرامبەر یەکدی چڕبوونەوە.
دوێنێ دووشەممە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و پێشتریش کیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و ژمارەیەک سەرکردەی دیکە رەخنەیان لە مەسک گرتبوو بەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی بۆ پاڵپشتی پارتە راستڕۆ تووندڕۆکان بەکاردەهێنێت و لەو رێگەیەوە کاریگەری لەسەر رووداوە سیاسییەکانی ئەو وڵاتانە دروست دەکات.
پارتە راستڕۆ تووندڕۆکانی ئەورووپا دژی کۆچبەری نایاسایین و مەسکیش هەمان هەڵوێستی هەیە. دوای بردنەوەی ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییدا پاڵپشتیی مەسک بۆ ئەو پارتانە بە لێدوان و لە رێگەی بەدەرستخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی بۆ ئەو پارتانە زیادی کردووە.
هەفتەی رابردوو مەسک رایگەیاند، لە لایڤێکدا میوانداری ئەلیس ڤیدل، هاوسەرۆکی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا کە پارتێکی راستڕۆی تووندڕۆیە دەکات. ئەوەش ناڕەزایەتی بەشێک لە سیاسەتڤانانی ئەورووپا و ئەڵمانیای لێکەوتەوە، بەهۆی ئەوەی بڕیارە رۆژی 23ـی شوبات هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ئەڵمانیا بەڕێوەبچێت.
کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لێکۆڵینەوە دەکەن کە ئایا مەسک لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەیەوە دەستوەردانێکی نادادپەروەرانە لە سیاسەتی وڵاتان، بەتایبەت ئەڵمانیا دەکات یان نا.
کۆمیسیۆنەکە دەڵێت، ئەگەر بسەلمێندرێت مەسک ئەو کارەی کردووە، ئەوا ئەگەری هەیە کۆمپانیاکەی رووبەڕووی ژمارەیەک رێکار یان سزا ببێتەوە.
مەسک هاوشێوەی ترەمپ کۆچبەران بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکا دادەنێت، ئەوە بۆچوونی پارتە راستڕۆ تووندڕۆکانی ئەورووپایە بۆ کیشوەرەکەیان.
ئێڵۆن مەسک، چی لە ژیریی دەستکردی (گرۆک) پرسیوە؟
ئێلۆن مەسک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی (ئێکس) لەبارەی ئێزدییەکان گفتوگۆی لەگەڵ ژیریی دەستکردی (گرۆک) کردووە.
مەسک لە گرۆکی پرسیووە، "چی بەسەر ئێزدییەکان دا هات؟"
گرۆک لە وەڵامدا ئێزدییەکان دەناسێنێت و دەڵێت: "ئێزدییەکان کەمینەیەکی ئایینی - نەتەوەیین کە لە باکووری عێراق دەژین و رووبەڕووی تووندوتیژی و چەوساندنەوەیەکی زۆر، وەک روونە لە رووداوەکانی 2014 بوونەوە".
لە وەڵامی ئەوەی چی بەسەر ئێزدییەکان دا هاتووە، گرۆک باس لەوە دەکات، ئابی 2014 داعش هێرشێکی "دڕندانەی کردە سەر کۆمەڵگەی ئێزدی لە ناوچەی شنگالی عێراق و ئەوەش بەشێوەیەکی گشتی بە جینۆساید دادەندرێت". هێرشەکە بووە هۆی "کوژرانی خەڵکێکی زۆر، گۆڕینی ئایین بەزۆر بۆ ئیسلام، کۆیلایەتیی سێکسی و رفاندنی هەزاران ژن و منداڵی ئێزدی؛ هەروەها نزیکەی 50 هەزار کەسیش ئاوارەی سەر چیای شنگال و ناوچەکانی دیکە بوون."
گرۆک هەروەها باسی لەوە کردووە، شەش بۆ حەوت هەزار ژن و منداڵی کوردی رفێندران و هەزاران پیاویش کوژران. تاوەکو ئێستاش چارەنووسی دوو هەزار و 700 ژنە کوردی ئێزدی دیار نییە.
ژمارەیەک لە چەکدار و ئەندامانی داعش دوای تێکشکاندنی رێکخراوە پەڕگیرەکە لە باشووری کوردستان و عێراق لە ساڵی 2017 و لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە ساڵی 2019 چوونە ئەورووپا. هەروەها ژمارەیەک لە چەکدار و ئەندامانی رێکخراوەکە خەڵکی ئەورووپا بوون و هەندێکیان گەڕاونەتەوە. ئەمە بەگوێرەی وەڵامی گرۆک بۆ مەسک.
مەسک دواتر وەڵامەکەی گرۆکی تویتکردووەتەوە و پرسیویەتی: "ئایا دەکرێت ئەوەی بەسەر ئێزدییەکان دا هات، رۆژێک بەسەر ئەورووپاش دا بێت؟".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ