رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، رووسیا لە پێنج مانگی رابردوودا لە هەرێمی کورسک تووشی زیانێکی زۆر بووە و نزیکەی 15 هەزار سەربازی کوژراون.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە گرتە ڤیدیۆیەکدا گوتی، لە ماوەی ئۆپەراسیۆنی کورسکدا رووسیا 38 هەزار سەربازی بریندار بووە و لەو ژمارەیەش نزیکەی 15 هەزاریان گیانیان لەدەستداوە.
زیلینکسی ئاماژەی بەوەش کرد، رووسیا چەند یەکەیەکی راهێندراوی وڵاتەکەی و سەربازانی کۆریای باکووریشی لە هەرێمی کورسک جێگیر کردووە.
سەرۆکی ئۆکراینا لەو بارەیەوە گوتی: "ئەوە گرنگە کە داگیرکەران چیدیکە ناتوانن هێزەکانیان بەرەو ناوچەکانی دیکەی ئۆکراینا بگوازنەوە، بەتایبەتی هەرێمەکانی دۆنێتسک، سومی، خارکێڤ و زاپۆریژیا."
هەروەها سوپای سوپای ئۆکراینا بڵاویکردەوە، هێرشیان کردووەتە سەر ناوەندێکی فەرماندەیی هێزەکانی رووسیا لە هەرێمی کورسک و گوتی، هێرشێکی "وردی" ئاسمانییان کردووەتە سەر پێگەیەکی سوپای رووسیا لە نزیک گوندی بێکایا.
رۆژی 06-08-2024، ئۆکراینا بە شێوەیەکی چڕ و فراوان هێرشیکردە سەر هەرێمی کورسک کە هاوسنووری خۆیەتی. لە هێرشەکەدا، سوپای ئۆکراینا توانی سەتان کیلۆمەتر بچێتە پێشەوە و چەندین سەربازی رووسیاش بە دیل بگرن.
لە 8ـی کانوونی یەکەمی رابردوودا زیلینکسی رایگەیاند، نزیکەی 43 هەزار سەربازیان لە رووبەڕووبوونەوەی سوپای رووسیا کوژراون؛ هەروەها گوتیشی، سەربازانی وڵاتەکەی نزیکەی 198 هەزار سەربازی رووسییان کوشتووە.
ئەوە لەکاتێکدایە، رووسیا تاوەکو ئێستا بەفەرمیی ژمارەی سەربازە کوژراو و بریندارەکانی لە شەڕی دژ بە ئۆکراینا بڵاونەکردووەتەوە.
مۆسکۆ لە ساڵی 2024ـدا نزیکەی چوار هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە پێشڕەوی کردووە بۆ نێو خاکی ئۆکراینا، لە کاتێکدا سوپای کیێڤ بەدەست کەمیی سەرباز و شەکەتبوونەوە دەناڵێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ