رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی چین رایگەیاند، لانیکەم 36 کەس بەهۆی بوومەلەرزە لە هەرێمی تبتی ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستدا.
بوومەلەرزەکە ناوچەیەکی دوورەدەستی هیمالایای هەژاندووە و لە شاری کاتاماندووی پایتەختی نیپالیش هەستیپێکراوە.
بەگوێرەی ناوەندی تۆڕەکانی بوومەلەرزەزانیی چین، کاژێر 9:05 خولەکی بەیانی بە کاتی نێوخۆ (4:05 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر) بوومەلەرزە بە گوڕی 6.8 پلەی رێختەر روویداوە، کە چەقەکەی لە ناوچەی دینگری بووە لە نزیک سنووری نیپال.
ناوەندی رووپێویی جیۆلۆجیی ئەمریکا گوڕی بوومەلەرزەکەی بە 7.1 پلە تۆمارکردووە.
بەگوێرەی میدیای چینی، ژمارەیەک خانوو رووخاون و تیمە فریاگوزارییەکان لە هەوڵی رزگارکردنی خەڵکدان.
ناوچەی دینگری لە هەرێمی تبت شوێنێکی بەرزە و نزیکەی 62 هەزار کەس لێی دەژین. دەکەوێتە بناری چیای ئێڤرست لە دیوی چینەوە.
هەرچەندە ناوبەناو بوومەلەرزە لەو ناوچەیە دەدات، ناوەندی تۆڕی بوومەلەرزەزانیی چین دەڵێت، ئەمەی ئەمڕۆ؛ بەهێزترینی 5 ساڵی رابردوو بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ