رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا دەڵێت، بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و رێگریکردن لە ئاڵۆزییەکان، داوای دروستکردنی سوپای یەکێتیی ئەوروپا دەکات و تاکە رێگەش بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی یەکێتییەکە لە دروستکردنی سوپاکەدا دەبینێتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 7ی کانوونی دووەمی 2024، ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی گوتی، "ئەگەر بمانەوێت ئاشتیی جیهان بپارێزین، ئەوا پێویستمان بە سوپای ئەوروپی دەبێت؛ ئەمەش مەرجی سەرەکییە بۆ ئەوەی سیاسەتێکی کاریگەری دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپامان هەبێت." هەروەها دەشڵێت، ئامانجیان کارکردنی زیاتری وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپایە بۆ بەرگریکردن لە هاووڵاتییانی یەکێتییەکە.
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئاماژەی بەوەش کرد، لە جیهانێکدا کە ژمارەیەک وڵاتی بەهێزی وەکو ئەمریکا، چین، هیندستان و رووسیا هەن و گرژی وەکو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و زەریای هیندی و ئارادان، تەنیا بە یەک شێوە دەتوانن هاووڵاتییانی ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و سلۆڤینیا بپارێزن ئەویش بە هەبوونی یەکێتیی ئەوروپا دەبێت.
هەروەها، ئەنتۆنیۆ تاجانی رەخنەی لە پێکهاتەی ئێستای یەکێتیی ئەوروپا گرت و هۆشداری ئەوەشی دا کە پێویستە یەکێتیی ئەوروپا یەک سەرکردایەتی هەبێت؛ نەک وەکو ئەوەی ئێستا کە هەیە و سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپیشی هەیە.
لەدوای دەستپێکی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا لە 24ی شووباتی 2022 یەکێتیی ئەوروپا دەستی بە بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی یەکێتییەکە کردووە؛ ئەویش لە رێگەی پەرەدان بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی چەک و بڵاوکردنەوەی سەرباز و چەکی زیاتر لەسەر سنوورەکانی رۆژهەڵاتیان.
ئەنتۆنیۆ تاجانی سەرۆکی پارتی فۆرزا ئیتاڵیایە و ساڵی رابردوو دوای مردنی سیلڤیۆ بیرلسکۆنی، سەرۆکی پارتەکە و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیتاڵیا سەرۆکایەتی پارتەکەی وەرگرت. هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا کە بڕیارە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بکرێت بە یەکەمین تاقیکردنەوەی پارتەکە دوای لەدەستدانی بیرلسکۆنی دادەندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ