رووداو دیجیتاڵ
وێنەی شەش کوردی "تیرۆرکراوی" باکووری کوردستان لە رێپێوانێکی کوردانی دیاسپۆرا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەرزکرانەوە، کە هەر شەشیان لە پاریس کوژران؛ سیانیان لە 2013 و سیانەکەی دیکە لە 2022.
کەیسی هەر شەش کوردە "تیرۆرکراوەکە'' وەک دەگوترێت دەستی "میت"، دەزگای هەواڵگریی تورکیای تێدایە، بەڵام دوای ئەو هەموو ساڵە، هێشتا کەیسەکان لە دادگە یەکلانەبوونەتەوە.
بێریڤان فیرات، گوتەبێژی ئەنجوومەنی دیموکراتیی کورد دەڵێ "دەبێت فەرەنسا دادوەری بۆ کورد بەدیبهێنێت؛ چونکە ئەمە هیچ رەوا نییە کە بکوژەکە ناسراو بێت، هاندەرەکانیش ناسراو بن و 11 ساڵ کەیسەکە یەکلا نەکرابێتەوە."
لە نۆی کانوونی دووەمی 2013 هەریەکە لە ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا سۆیلەمەز، سێ ژنە چالاکوانی پەکەکە لە سەنتەری زانیارییەکانی کورد لە پاریس بە گوللـە کوژران، دواتر پۆلیسی فەرەنسا کەسێکی بە ناوی عومەر گونەی بە تۆمەتی کوشتنیان، دەستگیرکرد.
بەڵام لە 17ـى کانوونى یەکەمى 2016، دوو رۆژ پێش دادگەییکردنی، بەرپرسانى فەرەنسا رایانگەیاند، عومەر گونەی بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشییەکی کوشندە، لە نەخۆشخانەیەکی فەرەنسا مردووە، لەو کاتەوە کەیسەکە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.
ئارا تۆراسیان، ئەرمەنیی دانیشتووی فەرەنسا دەڵێ "ئەوان (کورد) گەلێکی سەرکوتکراون کە بەردەوام لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە دەرەوەی سنوورەکانی لە سووریا و عێراق بۆمبباران دەکرێن. کورد گەلێكە رووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەبێتەوە و ئێمەی ئەرمەنی وەک یەکەمین گەلی کۆمەڵکوژکراوی سەدەی 20، هاوسۆزیی خۆمان بۆ کورد دەردەبڕین و لەگەڵیاندا دەوەستین."
لەو رێپێوانەدا یادی هێرشە چەکدارییەکەی مانگی کانوونی یەکەمی 2022ـش کرا، کە تێیدا هاووڵاتییەکی تەمەن 69 ساڵی فەرەنسا لە ناوەندی شاری پاریس تەقەی لە ناوەندی کولتووریی ئەحمەد کایا و سەرتاشخانەیەک کرد، لە ئەنجامدا سێ هاونیشتمانیی کوردی باکووری کوردستان کوژران و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
لەو کەیسەشدا بکوژەکە هێشتا لە زیندانە و کەیسەکە یەکلانەبووەتەوە؛ بۆیە بەشێک لە کوردانی دیاسپۆرا لە فەرەنسا لە کەمتەرخەمیی دادگەی ئەو وڵاتە نیگەرانن کە بەگوتەی ئەوان؛ تاوانی دژی کوردانی پشتگوێ خستووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ