بەهۆی بۆردوومانێکی سوپای میانمارەوە 15 کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
میدیای میانمار بڵاویکردەوە، بەهۆی بۆردوومانکردنی گوندێکی باکووری رۆژئاوای میانمارەوە لەلایەن سوپای ئەو وڵاتە لانیکەم 15 کەس کوژراون کە بەشێکیان منداڵن.
رۆژی یەکشەممە، 7ی کانوونی دووەمی 2023، میدیای نێوخۆیی میانمار رایگەیاند، لەکاتێکدا گرژییەکانی نێوان حکومەتی ئەو وڵاتە و گرووپە یاخیبووەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە لەزیادبووندان، بۆردوومانی گوندێکی باکووری رۆژهەڵاتی میانمار لانیکەم 15 کوژراو و 20 برینداری لێکەوتەوە.
بە گوێرەی ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی، سوپای میانمار شەش بۆمبی لە گوندەکە بەرداوەتەوە کە بەر دوو کەنیسە و ژمارەیەک خانوو کەوتوون. هەروەها، زۆرینەی ئەوانەی کوژراون لەنێو دوو کەنیسەکە دابوون و زۆرینەشیان ژن و منداڵ بوون.
ئەو گوندەی بۆردوومانکراوە لەژێر دەسەڵاتی هێزی گرووپی بەرگریی میللی دایە کە لەلایەن سوپای ئەو وڵاتەوە بە گرووپێکی "تیرۆریستی" داندراوە.
پێشتریش و لە 4ـی تەممووزی رابردوودا، بەهۆی پێکدادانی نێوان سوپای میانمار و یاخیبووانی ئەو وڵاتە 14 کەس کوژران.
بە گوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 10 مانگی سەرەتای 2023دا بەهۆی گرژییەکانی نێوان سوپای میانمار و یاخیبووانی ئەو وڵاتە 40 هەزار کەس ئاوارە بوون.