رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی کۆریای باشوور رایانگەیاند، کۆریای باکوور تۆپبارانی سنوورە ئاوییەکانیان دەکات و داوا لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە دەکات لە ماڵەکانیان بمێننەوە.
رۆژی یەکشەممە، 7ی کانوونی دووەمی 2024، بەرپرسانی کۆریای باشوور بڵاویانکردەوە، بۆ سێیەم رۆژی لەسەر یەک کۆریای باکوور تۆپبارانی سنوورە ئاوییەکانیان دەکات.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی تۆپبارانکردنی دوورگەی یۆنپیۆنگ لەلایەن کۆریای باکوورەوە، بەرپرسانی ئەو دوورگەیەی سەر بە کۆریای باشوور لە نامەیەکدا بۆ دانیشتووانی دوورگەکە گوتیان، کۆریای باکوور تۆپبارانی دوورگەکە دەکات و "ئامۆژگاریتان دەکەین لە ماڵەکانتان بمێننەوە و بە وریاییەوە کارەکانی دەرەوەی ماڵەوە بکەن."
میدیا و بەرپرسانی کۆریای باشوور لەبارەی زیانی تۆپبارانەکانی ئەمڕۆوە هیچ زانیارییەکیان بڵاونەکردەوە.
تۆپبارانکردنی دوورگەی یۆنپیۆنگ دوای ئەوە دێت کە لە دوو رۆژی رابردوودا کۆریای باکوور 260 گوللـە تۆپی ئاراستەی هەردوو دوورگەی یۆنپیۆنگ و بانینیۆگیش کردووە.
دوورگەی یۆنپیۆگ زیاتر لە دوو هەزار کەسی تێدا دەژی و سەربازانی سوپای کۆریای باشووری تێدا جێگیرکراون، دەکەوێتە دووری 120 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای سیئۆلی پایتەختی وڵاتەکە.
دوورگەی بانینیۆگـیش نزیکەی پێنج هەزار کەسی تێدا دەژی و بە دووری 209 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای سیئۆل.
هەفتەی رابردوو، کۆریای باکوور هۆشداریدا لەوەی جموجووڵەکانی کۆریای باشوور و ئەمریکا لە نیمچەدوورگەی کۆریا "سەقامگیریی ناوچەکە تێکدەدەن." کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور لە گوتاری ساڵانەیدا هۆشداری دا لەوەی وڵاتەکەی هێرشی ئەتۆمی دەکاتە سەر کۆریای باشوور.
لە ساڵی 2010 کۆریای باکوور زیاتر لە 170 گولـلەتۆپی بەو دوورگانەی کۆریای باشوورەوە نا و چوار کەسی سیڤیل کوژران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ