ئۆکراینا: رووسیا بە مووشەکی کۆریای باکوور هێرشی کردووەتە سەر خارکێڤ
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئۆکراینا دەڵێن، رووسیا بە مووشەکی کۆریای باکوور مووشەکبارانی شاری خارکێڤی کردووە و ئەو مووشەکانەی بەکارهێندراون جیاواز بوون لە مووشەکە رووسییەکان.
رۆژی شەممە 6ی کانوونی دووەمی 2024 دمیترۆ چوبانکۆ، گوتەبێژی ئۆفیسی داواکاری گشتیی ئۆکراینا رایگەیاند، "رۆژی 2ی ئەم مانگە یەکێک لەو ژمارە مووشەکەی رووسیا ئاراستەی شاری خارکێڤی کرد، لەڕووی شێوە و تەکنیکییەوە جیاواز بوو لەو مووشەکانەی لەلایەن رووسیاوە دروستکرابوون."
گوتەبێژی ئۆفیسی داواکاری گشتیی ئۆکراینا ئاماژەی بەوەش کرد، شێوازی دروستکردنی مووشەکەکە نوێ نەبوو و لەڕووی ستانداردەوە جیاواز بوو لە مووشەکی ئەکەندەر، کە پێشتر لە هێرشکردنە سەر شاری خارکێڤ دا بەکاردەهێندرا، "ئەم مووشەکە یەکێکە لە مووشەکەکانی کۆریای باکوور."
هەروەها، دمیترۆ لەکاتی گوتارەکەیدا پارچەکانی مووشەکەکەی پێشاندا و گوتی، نیوە تیرەی مووشەکەکە کەمێک لە مووشەکی ئەسکەندەر گەورەترە و چەند پارچەیەکی دیکەشیان جیاواز بووە؛ بەڵام رەتیکردەوە ناو و مۆدێلی ئەو مووشەکە ئاشکرا بکات، کە بە گوتەی خۆی، لەلایەن کۆریای باکوورەوە بۆ رووسیا نێردراوە.
هەفتەی رابردوو رووسیا ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی شاری خارکێڤی ئۆکراینا کرد و بەهۆیەوە دوو کەس کوژران و 60ی دیکەش بریندار بوون.
24ی شوباتی 2022 شەڕی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکرد. بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 10 هەزار کەسی سڤیل لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرایناوە کوژراون.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەش لەلایەن ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە، لە سەرەتای جەنگەکەوە 70 هەزار سەربازی ئۆکراینی کوژراون و 130 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لە سوپای رووسیاش، 120 هەزار سەرباز کوژراون و 280 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون.